عێراق بە پارەی سعوودیە خۆی لەمین ڕزگار دەکات

ئەمرۆ دووشەممە، ڕۆژنامەی 'سعوودیە گازێت' لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، سعوودیە زیاتر لە 241 ملیۆن دۆلاری بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی هەڵگرتنەوەی مین بۆ سێ وڵات خەرج کردووە کە عێراقیشی تێدایە.

لە ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامە سعوودیەکە کە بە زمانی ئینگلیزی بڵاو کراوەتەوە، هاتووە "پرۆژەی هەڵگرتنەوەی مین جگە لە عێراق، یەمەن و ئازەربایجانیشی لەخۆ گرتووە." ئاماژەی بەوەش کردووە "سعوودیە ئارەزووی بەشداریی لە بەرزکردنەوەی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لەو وڵاتانەدا دەکات، هاوکات ئەو دەستپێشخەرییەی لە بواری هەڵگرتنەوەی مین، بە ئامانجی کەمکردنەوەی ئەو کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییانە کردووە کە پەیوەستن بە مین و تەقەمەنی، بە مەبەستی پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و دروستکردنی ژینگەیەکی سەلامەتتر و سەقامگیرتر."

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە "مانگی نیسانی ئەمساڵ، سەنتەری هاوکاری و فریاگوزاریی مرۆیی شا سەلمان، پارەی بۆ چەند پارێزگایەکی عێراق بۆ لابردن و هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنی دابینکرد، بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی عێراقی بتوانن دەست بە چالاکییە کشتوکاڵییەکان و ئاژەڵدارییەکانیان بکەنەوە."

 بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە "پرۆژەکە لەلایەن 550 کارمەند و 32 تیمەوە جێبەجێ دەکرێت کە ڕاهێنراون لەسەر هەڵگرتنەوەی مین، کاردەکەن بۆ لابردنی جۆرەها مین و تەقەمەنی نەتەقیو کە بەشێوەیەکی هەڕەمکی لەو ناوچانە چێنراوون."
لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوە ئاشکرا کراوە "لە سەرەتای دەستپێکردنی پڕۆژەکە 486 هەزار و 108 مین و تەقەمەنییان پوچەڵ کردووەتەوە و کە 65 ملیۆن و 888 هەزار و 674 مەتر سێجا زەویان پاک کردووەتەوە."

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment