کەسێک دوای شەش ساڵ لە فریودانی ئافرەتان لە ڕانیە دەستگیر کرا

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین دەڵێت: تۆمەتبارێکیان دەستگیر کردووە، ماوەی شەش ساڵە لە ڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە ئافرەتانی بەناوی دامەزراندنەوە فریو داوە.
عەقید شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەناوەڕاستی مانگی ڕەمەزان، کچێک سەردانی نووسینگەی نەهیشتنی تاوانی ڕاپەرینی لە قەڵادزێ کرد و پێی ڕاگەیاندین کە پەیجێک لە سنوورەکە هەیە، لەساڵی 2019ەوە ڕێکلام دەکات، کە ئافرەتان لە بوارەکانی پزیشکیدا دادەمەزرێنیت.
گوتیشی: ئەو کەسە هیچ پەیوەندییەکی بە بابەتی پەیوەندار نەبووە و لەلایەن هیچ کەس و لایەنێکی بۆ ئەو ئەرکە ڕانەسپێراوە، دواتر بەدواداچوونی تەواومان بۆ ئەو کەیسە کرد، تۆمەتبارەکە لە ڕانیە دۆزرایەوە و دەستگیر کراو درایە دادگا و دانی بەتاوانەکەشی ناوە.
باسی لەوەش کرد، سەرەڕای ئەو کەسە لە ساڵی 2019ەوە ڕێکلام بۆ خۆی دەکات و ژمارەی تەلەفۆنیشی داناوە، لەهەمان کاتدا ژمارەیەک ئەوکاونتی تایبەتی داناوە بەڵام وێنەی کەسانی دیکەی بەکار هێناوە گوتوویەتی خۆمم؛ بەمەش ئافرەتانی فریو داوە، بۆیە دوای ئەوەی دانی بە تاوانەکەی نا، بەپێی ماددەی 456 لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە.
ڕوونیشی کردەوە، ئێستا لە قۆناغی لێکۆڵینەوەی سەرەتاییە، ئەوەی ڕوونبووەتەوە تەنیا ویستوویەتی بە پاساوی دامەزراندن قسە لەگەڵ ئافرەتان بکات و وێنە و ڤیدیۆی دەست بکەوێت.