ماکرۆن به‌ مه‌رج پشتگیریی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی فەڵەستین دەکات

سەرۆکی فەره‌نسا لە میسیر ڕایگەیاند، پشتگیریی پێشنیازیی میسر بۆ بونیاتنانەوەی غەززە و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی فەڵەستین دەکات؛ جەختیش دەکاتەوە نابێت حه‌ماس هیچ ڕۆڵێکی لەو حکوومەتە هەبێت.

دووشەممە 7ـی نیسانی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە سەردانەکەی بۆ قاهیرە ڕایگەیاند، بە توندی ڕاگوستانی خەڵکی غەززە بۆ ناوچەیەکی دیکە ڕەت دەکاتەوە و پشتگیریش له‌ پلانی کۆمکاری عەرەبی بۆ بونیاتنانەوەی غەززە دەکات.

سەرۆکی فەرەنسا لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، ستایشی هەواڵەکان و پلانی میسری بۆ بونیاتنانه‌وه‌ی کەرتی غەززەی کرد و گوتی: پێشنیازیی میسر، ئاراسته‌یه‌كی ڕاست و دروستە بۆ بونیاتنانه‌وه‌ی غەززە و دروستکردنی حکوومەتێکی تایبەت بە فەڵەستین لە ناوچەکەدا.  

ماکرۆن جەختیشی کرده‌وه‌ کە دەبێت حکوومەتی داهاتووی فەڵەستین، لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە به‌ڕێوه‌ ببرێت و نابێت حەماس هیچ ڕۆڵێکی لەو حکوومەتە هەبێت، هاوکات نابێت چیتر ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل.

هەروەها گوتیشی: فەرەنسا و میسر ئیدانەی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە دەکەن.

ماکرۆن و سیسی پشتگیریی جێبەجێکردنی ئاگربەستی غەززە دەکەن و کردنەوەی دەروازەکان بە ڕووی هاوکارییە مرۆییەکان دەکەن.

کۆشکی سەرۆکایەتیی فەره‌نسا (ئێلیزێ) ڕایگەیاندووە، ئیمناوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەره‌نسا  لەباره‌ی نوێترین پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی میسر دەکات و بەشداریی لە لووتکەیەكی تایبەت بە ئاگربەستی غەززە دەکات.

هەروەها ڕاشیگەیاندووە، سەرۆکی فەره‌نسا لە سەردانەکەیدا دەچێتە بەندەری میسر و شاری عەریش کە 50 کیلۆمەتەر له‌ کەرتی غەززە دووره‌.