گوتەبێژی ئاک پارتی: شاندی دەم پارتی ئەم هەفتەیە لەگەڵ ئەردۆغان کۆدەبێتەوە

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ کارگێرانی حیزبەکەی کۆبووەوە؛ هاوکات گوتەبێژی ئاکپارتی ڕایگەیاند: پڕۆسەی ئاشتیی دەچێتە قۆناغی نوێوە.

دووشەممە، 7ـی نیسانی 2025، عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان (ئاک پارتی) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەم هەفتەیە شاندی دەم پارتی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆ دەبێتەوە و پڕۆسەی ئاشتیی دەچێتە قۆناغی نوێوە.

عومەر چەلیک هەروەها ڕاشیگەیاند: ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا سەردانی تورکیا دەکات.

دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ رەجەب تەیب ئەردوغان لەگەڵ کارگێرانی حیزبەکەی کۆبووە و پێگەی یەنی شەفەقی تورکی بڵاوی کردووەتەوە لە کۆبوونەوەکەدا باس لەو ناڕەزایەتیانە کراوە کە دوای دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ دەستی پێ کردووە، هەروەها بانگەوازەکانی جەهەپە سەبارەت بە بایکۆتکردنی کاڵای تورکی و دانوستانە پلان بۆداڕژراوەکان لەگەڵ دەم پارتی و هەروەها تاوتوێی ئابووری، سیاسەتی دەرەوە و کارەکانی پەرلەمان کراوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment