یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی باجی گومرگی پێشنیازێکی ئاراستەی ئەمەریکا کردووە
سهرۆكى كۆمسيۆنى يهكێتيى ئهورووپا ڕایگەیاند، پێشنیازیان بۆ ڕێککەوتنێکی بازرگانی لەسەر باجی گومرگی ئاراستەی ئەمەریکا کردووە، کە ڕێژەی باجی گومرگی لە نێوانیان دەگاتە سەدا سفر، جەختیش دەکاتەوە ئەگەر نەگەنە ڕێککەوتن ئەوە بە تووندترین شێوە وەڵامی ئەمەریکا دەدەنەوە.
ئورسولا ڤۆن دێر لاين، سهرۆكى كۆمسيۆنى يهكێتيى ئهورووپا، ئەمڕۆ دووشەممە 7ـی نیسانی 2025، لە بارەی باجە گومرگییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئەورووپا گوتی: لە ڕاستیدا پێشنیازێکمان ئاراستەی ئەو ئەمەریکا کردووە، کە پێکاهاتووە لە ڕێژەی سەدا سفری باجی گومرگی لەسەر کەلوپەلەکان لە نێوان ئەوروپا و واشنتن،هەروەها ئامادەین لەو بارەوە گفتوگۆ لەگەڵ ئەو وڵاتە بکەین، جەختیش دەکاتەوە، پێشتر لەو جۆرە مامەڵە بازرگانییە لەگەڵ وڵاتانی دیکە سەرکەوتوبوونە.
سهرۆكى كۆمسيۆنى يهكێتيى ئهورووپا ئاماژەی بەوەدا، ئەو پێشنیازە بەر لە بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئامادەکرابوو، بە تایبەتی لەسەر مامەڵەی ئۆتۆمبێڵ لە نێوان هەردوولادا.
سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمەریکا لەبارەی پێشنیازەکە، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەورووپا گوتی، تاوەکوو ئێستا واشنتن وەڵامی نەداونەتەوە، بەڵام ئەورووپا هەموو کات ئامادەیە بۆ ڕێککەوتن.
ڤۆن دێر لاین جەختیشی کردووە، ئەگەر دانوستانەکان شکست بێنێت، ئەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەورووپا، بە تووندی وەڵامی بڕیارەکەی ترەمپ دەدەنەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە 3ـی نیسانی 2025، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاری سەپاندنی باجی گومرگی بەسەر 180 وڵات ئیمزاکرد. ئاماژەشی دا، ئەورووپا لە کاتێکدا هیچ بەرهەمێکی ئەمەریکا هاوردە ناکات، کەچی گومرگیان بەسەر ئێمەدا سەپاندووە، بۆیە بە ڕێژەی 20% باجیگومرگی بەسەر ئەورووپا دەسەپێنین.