وەزیری پێشمەرگە و پاشکۆی سەربازی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ترسی سەرهەڵدانەوەی داعشیان تاوتوێ کرد
وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ پاشکۆی سەربازی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش و یەکخستنی هێزی پێشەرگەیان تاوتوێ کرد، جەنەڕاڵ سکۆت لە پاشکۆی سەربازی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق دووپاتی کردەوە، پشتیوانیەکانیان بۆ هەنگاوەکانی چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.
دووشەممە 7ـی نیسانی 2025، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ سکۆت، لە پاشکۆی سەربازی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق و شاندێکی سەربازی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا، وەزیری پێشمەرگە و جەنەڕاڵ سکۆت،باسیان لە دوایین گۆڕانکاری و ڕەوشی سەربازی و سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرد.
هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی پەیوەندییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزەکانی ئەمریکا، لەگەڵ چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕووبەڕووبوونەوە و تێکشکاندنی داعش و مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەیان لە ناوچەکەدا کرد.
وەزیری پێشمەرگە لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەتی پێشمەرگە لە چاکسازییەکانی بەردەوامە، سەرەڕای ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەکە، توانیومانە هەنگاوی خێرا و جددی تر بنێین بە پشتیوانی و پاڵپشتی بەردەوامی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانمان لە هەرێمی کوردستان.
لە بەرامبەردا جەنەڕال سکۆت، پاڵپشتی و پشتیوانی بەردەوامی ئەمریکای بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتکردەوە گوتیشی: دڵخۆشین چاکسازیی لە ناو هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووەتە بنەما و بەرنامەی کارکردنتان،لەم پێناوەشدا پشتیوانیەکانمان بەردەوامە بۆ هەنگاوەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە.