ڕوونکردنەوەیەک لەلایەن فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانەوە
فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی پرێس کۆنفرانسی چەند فەرمانبەرێکی بەخشراوی فەرمانگەکەی، ڕوونکردنەوەیەکی بۆ ڕای گشتی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا تۆمەتەکانی دراونەتە پاڵ فەرمانگەکە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: ڕێکاری یاسایی و کارگێڕی بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرینە بەر.
ئەمە دەقی ڕوونکردنەوەکەیە:
بەناوی خودای گەورە و میهرەبان
بۆ ڕای گشتى و سەرجەم رێکخراوە ناحکومییەکان لە هەرێمی کوردستان .
سەبارەت بەو پرێس کۆنفراسە رۆژنامەوانیەی کە لە رێکەوتی 2025/4/6 ئەنجام درا لەلایەن چەند فەرمانبەرێکی فەرمانگەکەمان کە پێشتر بەخشراو و لادراون لە پۆستەکانیان بە فەرمانی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 996 لە رێکەوتی 2025/3/13.
بە نەفەسێکی نابەرپرسانە و دوور لە نەریتی دامەزراوەیی حکومی و ئەتەکێتی کاری فەرمانبەری مەدەنی، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و کارگێری و دارایی چەند تۆمەتێکی هەڵبەستراو دەخەنە پاڵ فەرمانگەکەمان .
بۆیە فەرمانگەکەمان گشت ئەو تۆمەتە هەڵبەستراوانە ڕەتدەکاتەوە و رێکاری یاسایی و کارگێری دەگرێتەبەر بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەم کارە.
دواى دەرئەنجامی رێکارە یاسایی و کارگێریەکان، فەرمانگەکەمان گشت ڕاستیەکان بۆ ڕای گشتى و سەرجەم رێکخراوە ناحکومییەکان دەخاتەڕوو.
فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان
7ـی نیسانی 2025