ڕێگاوبانی دهۆک: هەوڵ دەدەین پێش وادەی دیاریکراو ڕێگەی دهۆک – باعەدرێ تەواو بکەین

کارکردن لە هەرسێ قۆناغی پرۆژەی دووسایدی دهۆک – باعەدرێ بەردەوامە و سەدان کرێکار و ئامێرەکانی دروستکردنی ڕێگاوبان تێیدا بەشدارن. 

 هاووڵاتییەکی دهۆک بە بێوار حلمی، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ڕێگەی پێشتری دهۆک – باعەدرێ زۆر باریک بوو، هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێک نەیاندەتوانی بەکاری بهێنن، بۆیە ناچاردەبوون ڕێگەی دیکە بەکاربهێنن. بە تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە، ڕێگەکە دەبێتە دووساید و زۆر فراوان دەبێت. هاوکات قەرەباڵغی و ڕووداوەکانی هاتوچۆش کەم دەکاتەوە. زۆر بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە دڵخۆشین و سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین."

زیاتر لە 135 ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ پرۆژەی دووسایدی دهۆک – باعەدرێ خەرج کراون و بڕیارە لە ماوەی سێ ساڵدا تەواو ببێت.  مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوو دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە کرا. بە گوێرەی ئەو پلانەی دانرابوو، دەبووایە تاوەکوو ئێستە سەدا 20ـی پرۆژەکە تەواو کرابا، بەڵام لەبەرئەوەی کارەکان زۆر بە خێرایی دەکرێن، ڕێژەی جێبەجێکردنی کارەکانی پرۆژەکە گەیشتووەتە سەدا 38. 

مونیرا ئەمیر، سەرپەرشتیی پرۆژەکە بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: "پرۆژەی دووسایدی دهۆک – باعەدرێ زۆر بە باشی و بە گوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی ڕێگاوبان جێبەجێ دەکرێت. ئامانجانە زووتر لە وادەی دیاریکراوی خۆی، پرۆژەکە تەواو ببێت و بکەوێتە خزمەتی وەڵاتییان."

درێژیی ڕێگەکە 26 کیلۆمەترە و 7 ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاسی تێدایە. بە تەواوبوونی پرۆژەکە، هەموو ڕێگەی سەرەکیی هەولێر – دهۆک  دەبێتە دوو ساید و قەرەباڵغیی هاتوچۆش بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە. 

خەدیجە عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی دهۆک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ڕێگەی پێشتری دهۆک – باعەدرێ قەرەباڵغییەکی زۆری لەسەر بوو، بەوپێییەی ڕێگەی سەرەکیی هەولێر – دهۆک بوو، ئەمەش ببووە هۆی ڕوودانی ژمارەیەکی زۆری ڕووداوی هاتوچۆ. هەوڵمان داوە بە دروستکردنی ژمارەیەک ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاس و نەهێشتنی یەکتربڕینەکان، لەسەر ڕێگەکە، قەرەباڵغی و مەترسیی ڕووداوەکانی هاتوچۆش کەمتر بکەینەوە."

ڕۆژی دووشەممە، 03-06-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی ڕێگەی باعەدرێ – دهۆکی دانا و لە گوتارێکدا ڕایگەیاند:  بە تەواوبوونی پرۆژەکە، كەرتی گواستنەوە و هاتوچۆ لەم دەڤەرە پێشكەوتنێكی باش بە خۆوە دەبینێت.