تەڵعەت نووری فۆتۆگرافەری بەناوبانگی وەرزشی، لە ئێران کۆچی دوایی کرد
سێشەممە، 8ـی نیسانی 2025، تەڵعەت نووری، فۆتۆگرافەری بەناوبانگی وەرزشیی شاری هەولێر، لە ئێران کۆچی دوایی کرد.
لەوبارەوە برازایەکی تەڵعەت نووری، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ کاتژمێر 11 بە ئێمەیان ڕاگەیاند کە مامم، بەنەخۆشیی کۆچی دوایی کردووە، بۆیە داوا لە لایەنە پەیوەندارەکان دەکەین هاوکارییمان بکەن بۆ گەڕاندنەوەی تەرمەکەی.
ئاماژەی بەوەش کرد، سێ تا چوار ڕۆژ لەمەوبەر چوو بۆ شاری تەورێز. گوتیشی "هیچ نەخۆشی نەبووە، زۆر جار سەردانی ئێرانی کردووە، بەلام ئەم جارە قەدەرەکە ئاوهابووە و کۆچی دوایی کردووە."
لەلایەکی دیکەوە، لایەنی پەیوەندیداری ئێران، نووسراوێکیان ئاراستەی باڵیۆزی عێراق لە ئێران کردووە، کە کەسێک بەناوی تەڵعەت نووری عەبدوڵلا، لەدایکبووی ساڵی 1-9-1951، بەر لە دوو هەفتەیە لە شاری تەوریز، کۆچی دوایی کردووە و تەرمەکەی لە پزیشکیی دادی ئەو شارەیە.
