لەم ناوچەیەی جیهان بەرزترین پلەی گەرمی لە ماوەی 40 ساڵی رابردوو تۆمار کرا
ئاستێکی پێوانەیی تۆمار کرا
K24- هەولێر:
بۆ یەکەمجار لە ماوەی 40 ساڵی رابردوو لە ناوچەی سڤالبرادی نەرویج، بەرزترین پلەی گەرما تۆمارکرا.
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی زانستی، پلەی گەرما لە ناوچەکانی جەمسەری باکوور دوو هێند زیاتر، زیادبوونی پلەی گەرمیان تێدا تۆمار دەکرێت.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، ماوەی دوو رۆژە لەسەر یەک، لەو ناوچە ساردەی نەورویج، پلەی گەرمی 21.2 پلەی سیلیزییە کە 40 ساڵە ئەو پلە گەرمییە تۆمار نەکراوە.
ئەوەی مایەی مەترسییە ئەوەیە، ئەو ناوچەیە هەزار کیلۆمەتر لە بەستەڵەکەکانی جەمسەری باکوور دوورە و بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەو ناوچانە، سەهۆڵبەندانەکان زیاتر دەتوێنەوە و مەترسی بۆ سەر چەند وڵاتێک دروست دەکەن.
هەروەها لە ناوچەی سڤالبراد، ژمارەیەکی زۆر ورچی جەمسەرەکان و ئەو گیاندارانە دەژین کە پێویستیان بە پلەی گەرمی نزم هەیە، لە ئەگەری بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، ئەو گیاندارانە لەناو دەچن.
یەکێک لە هەڕەشە هەرە گەورەکانی سەر زەوی، گەرمبوونە، کە شەڕکردنی دژی لە دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا زۆر لاواز بووە.