فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە پێشوازى لە بڕیارى سەرۆکى شارەوانى پاریس بۆ رێز گرتن لە قوربانیدانى پێشمەرگە دەکات
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازى لە بڕیارى سەرۆکى شارەوانى پاریس دەکات بۆ رێز گرتن لە قوربانیدانى پێشمەرگە و ناونانى شوێنێک لە پاریس بە ناوی پێشمەرگە.
سێشەممە 8ـی نیسانی 2025، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، دوای نامەیەکى تایبەتى سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەتى هەرێم بۆ خاتوو ئان هیدالگو سەرۆکی شارەوانی پاریس کە تێیدا باسى خەبات و قوربانیدانى پێشمەرگەی کردبوو لە شەڕ دژى تیرۆریستانى داعش و پاراستنى ئاسایش و سەقامگیرى و پێکەو ژیان، هاوکات بۆ پتەوکردنى پەیوەندییە کەلتوورییەکان و قووڵکردنەوەى ڕێکەوتنى نێوان هەولێرو پاریس وەک دوو شارى دەستە خوشک.
لە نامەکەدا، سەفین دزەیی داواى لە شارەوانى پاریس کرد بیر لەناولێنانی شەقام یان گۆڕەپان یان چوارڕیانێک بەناوی پێشمەرگە لە پاریس بکەنەوە، ئەم ئاماژەیە نەک تەنها ڕێز لە یادەوەری ئەوانە دەگرێت کە ئازایانە شەڕیان کردووە، بەڵکو وەبیرهێنانەوەیە بۆ هەوڵە بەکۆمەڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەرەوپێشبردنی ئاشتی.
هەر لە نامەکەیدا بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە ئاماژەى بە پشتگیرى بەردەوامى خاتوو دانیال میتران کرد لە ساڵانى هەشتاکان و نەوەدەکان لە دۆزى ڕەواى گەلى کوردستان، بۆیە وەک رێزلێنانێک لەم پشتگیریە چوارڕیانێک و بەرزە پردێک لە هەولێر بەناوى ئەم خاتوونە کراوە.
سەفین دزەیی دەڵێت: مایەى خۆشحاڵیە لە ئاهەنگى نەورۆزى ئەمساڵ کە نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە پاریس سازى کردبوو، خاتوو ئان هیدالگو پشتیوانی خۆى و شارەوانی پاریسى بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوەو بە فەرمی رایگەیاند کە ئەنجومەنی شارەوانی پاریس بە کۆى دەنگ، شوێنێکى لە ناو پارکی ئاندرێ سیتروئێنى لە پاریس بۆ پێشمەرگە تەرخان کردووە و لە ئایندەیەکی نزیکدا مەراسێمێک بۆ کردنەوەکەی ساز دەکرێت و بەرپرسانى باڵاى هەرێمى کوردستانیش بۆ مەراسیمەکە داوەت دەکرێن.
فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەت ئەم هەنگاوە بە دەستکەوتێکى گرنگ دەزانێت کە وڵاتێکى پێگە بەهێزى وەک فەڕەنسا رێز لە خەبات و قوربانیدانى پێشمەرگەو گەلى کوردستان دەگرێ.
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی خاتوو ئان هیدالگو سەرۆکی شارەوانی پاریس و عەلى دۆڵەمەڕى نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە فەرەنسا کرد کە چەندین کۆبۆنەوەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە شارەوانی پاریس ئەنجامدا بۆ دەستنیشان کردنی شوێنێک، گوتی: نابێت ڕۆڵی سەرۆکی شارەداری ناوچەی پاریسی 15 ،فیلیپ گوژون لە بیر بکرێت کە هەوڵێکی زوریدا بۆ دابینکردنی شوێنێک لە ناو پارکی بە ناوبانگی ئاندرێ سیتروئێن و دەنگدان بە پرۆژەکە.