سوپای عێراق جووتیارێکی کوردیان دەستگیرکرد و دەستیان بەسەر سێ تراکتۆردا گرت

ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوندی پەڵکانەی سەربە شارەدێی سەرگەڕان جووتیارێکی کورد بەناوی گۆران سلێمان لەکاتی ئیشکردن لەزەوییەکەی سوپای عێراق دەستگیریکرد، دەستیشیان بەسەر سێ تراکتۆری جووتیارانی کورددا گرت.

لە گوندی پەڵکانەی سەربە شارەدێی سەرگەڕان، سوپای عێراق جووتیارێکی کوردیان دەستگیرکرد و جووتیارەکە کە ئێستا لە بنکەی پۆلیسی سەرگەڕان بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراوەو زیندانیکراوە، بۆ کوردستان24 گوتی: لەنێو گوندی پەڵکانە زەوییەکمان هەیە ڕووبەرەکەی کەمتر لە دۆنمێکە و پێشتر هێزە ئەمنییەکان ڕێگەیانداوە بیکێڵم و بۆکاری کشتوکاڵی بەکاری بهێنم، چونکە هیچ کيشەیەکی لەسەرنییە، بەڵام هيزێکی سوپای عێراق هاتنە سەرم و لەکاتی کێڵانی زەوییەکەم دەستگیریانکردم.

 ئەوجوتیارە کوردە ئەوەشی گوت:  لەکاتی هاتنی هێزەکەی سوپای عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان لەلایەن فەرحان غەزال کە شێخێکی عەرەبی هاوردەیە بۆهاتووەو بەهێزەکەی گوتووە ئەگەر دەستگیری نەکەن، ئەوا بە سەرووی خۆتان دەڵێم تاکوسزاتان بدات.

ئەو جووتیارە کوردە داوای لەبەرپرسان و نوێنەرانی کورد کرد دەستێوەردان بکەن و ئازادی بکەن.

لەدوای شازدەی ئۆکتۆبەری 2017، بەردەوام عەرەبی هاوردە بە پاڵپشتی سوپای عێراق گێچەڵ بەجووتیارانی کورد دەکەن و هەوڵی داگیرکردنی زەوییەکانیان دەدەن، ئەگەرچی یاساکانی سەردەمی بەعس تایبەت بەزەوی وزار لەپەرلەمانی عێراق چەند مانگێکە دەنگی لەسەردراوەو هەڵوەشاونەتەوە، بەڵام تا ئێستا جێبەجێنەکراوەو سوپای عێراقیش بەردەوامە لە پێشێلکارییەکانی بەرامبەر جووتیارانی کورد، بەوهۆیەشەوە جووتیارانی کورد نەیانتوانی ئەمساڵ زەوییەکانیان تۆو بکەن .

ئەمە لە کاتێکدا، هەر ئەمڕۆ،  لە گوندی شەناغە، سوپای عێراق دەستی بەسەر  سێ تراکتۆری جووتیارانی کورددا گرت.

نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەکاتی ئیشکردن، سوپای عێراق بەهێزێکی سەربازییەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندەکەو دەستیان بەسەر سێ تراکتۆری جووتیارانی کوردا گرت و شۆفێرانی هەرسێ تراکتۆرەکەش لەترسی ئەوەی سوپا دەستگیریان نەکات، هەڵاتوون و سوپا بەدوایاندا دەگەڕێن.

نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان ئەوەشی گوت:  سوپا داوایانکردووە جووتیارەکان خۆیان ڕادەست بکەن .

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment