باڕ و یانەکانی شەوانە بوونەتە سەرچاوەی دووبارە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە ئیسپانیا

حکومەتی ئیسپانیا کۆبوونەوەی زیاتر لە 10 کەسی لە یەک شوێندا قەدەغەکردووە

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/3e75afce-d815-4c24-8a9e-ec4859b53ae1/072520RZQ.ism/manifest


K24 - هەولێر

تۆماركردنی چەندین حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا لە ئیسپانیا، ھۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆبوونەوە لە یانەکانی شەوانە، ئەمە گوتەی بەرپرسانی تەندروستیی ئیسپانیایە.

بەمەبەستی کەمکردنەوە و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە شاری بارسێلۆنا و چەندین ناوچەی دیكەی ئیسپانیا، دووبارە هەموو شانۆ و یانە شەوانەکان داخران و کۆنسێرت و ئاهەنگەکان هەڵوەشێنرانەوە.

ھاوڵاتییەکی شارەکە دەڵێ "بێ گومان، لەگەڵ ئەوەدام رێكارەكان تووندتر بكرێن، دۆخەكە مەترسیدارە و ئەگەر خەڵكی پابەندی رێنماییەكان نەبن، دۆخەكە لەوەی ھەیە خراپتر دەبێت".

هەفتەیەك لەمەوبەر لە بارسێلۆنا یانە شەوانەکان و شانۆکان کرانەوە، بەڵام لە بڕیارێکی نوێدا، بەرپرسانی تەندروستی بڕیاریاندا ئەو شوێنانە لە سەرانسەری کەتەلۆنیا دابخرێنەوە، ئەوەش کاریگەری لەسەر حەوت ملیۆن و 500 هەزار دانیشتوو و گەشتیاری ئەو ناوچەیە دەبێت.

ئەگەرچی حکومەتی ئیسپانیا کۆبوونەوەی زیاتر لە 10 کەسی لە یەک شوێندا قەدەغەکردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شەوانە خەڵک بەکۆمەڵ روودەكەنە باڕەکان و یانەکانی شەوانە، بۆیە لە چەندین ناوچە و هەرێمی ئیسپانیا، دیسکۆ و یانەکانی شەوانە داخرانەوە یان ئامادەکاری بۆ دووبارە داخستنەوەیان دەکرێت.

 

هـ.ر.

Fly Erbil Advertisment