پتر لە 500 بەڕێوەبەری قوتابخانەکانی پارێزگای زیقار دەستیان لە کار کێشایەوە

پێنجشەممە، 10ـی نیسانی 2025، سەرچاوەیەک لە پارێزگای زیقار بڵاوی کردەوە پرۆسەی خوێندن لەو پارێزگایە داڕماوە، ئەوەش دوای دەست لە کار کێشانەوەی زیاتر لە 500 بەڕێوەبەری قوتابخانەکان دێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بەمیدیاکانی گوت: دەست لە کار کێشانەوەی ئەو بەڕێوەبەرانە، وەک ناڕەزایەتییەک دێت لە بەرانبەر بەو سووکایەتیانەی هێزە ئەمنییەکان بە فەرمانبەران و مامۆستایانی خۆپیشاندەرانیان کرد. هەروەها نەگرتنەبەری ڕێوشوێن بەرامبەر بە تاوانباران لەنێو هێزە ئەمنییەکاندا.

سەرچاوەکە ڕوونیشی کردەوە "بەڕێوەبەرانی دیکەی قوتابخانەکان ئامادە نین ئەو پۆستە بەتاڵانە پڕ بکەنەوە و لەبری ئەوانەی دەستیان لە کار کێشاوەتەوە وانە بڵێنەوە، ئەمەش بووەتە هۆی قەیرانێکی گەورەی خوێندن لەو پارێزگایە."
هاوکات، دوێنێ چوارشەممە، 9ـی نیسانی 2025، زیاتر لە 60 بەڕێوەبەری قوتابخانەکانی پارێزگای زیقار بەکۆمەڵ دەستیان لە کار کێشایەوە.

ئەو بەڕێوەبەرانە داوایان کردووە وەزارەتی پەروەردە هەڵوێستی ڕوونی هەبێت سەبارەت بەو پیشێلکارییانەی لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی سێشەممە، لە ناسرییە بەرانبەر فەرمانبەران و مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردە کراوە.

ڕۆژی سێشەممە، هەزاران مامۆستا و فەرمانبەری وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە پارێزگا جیاجیاکانی عێراق خۆپیشاندانیان کرد و داوای زیادکردنی مووچە و پێدانی زەوی نیشتەجێبوونیان دەکرد.

هەروەها لەمیانەی خۆپیشاندانەکاندا، هێزەکانی پۆلیس بە گازی فرمێسکڕێژ و بۆمبی دوکەڵیی بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران کرد، لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆری خۆپیشاندەر بریندار بوون.

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ی نیسانی 2025، پەرلەمانی عێراق کاتژمێر یەکی دوای نیوەڕۆ، دانیشتنێکی تایبەت سەبارەت بەداواکارییەکانی فەرمانبەران و مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردە بکات، کە ماوەی چەند ڕۆژێکە خۆپیشاندان دەکەن و داواکاریان لە حکوومەت هەیە.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment