ئیسرائیل 10 بەندکراوی فەڵەستینی ئازاد کرد

هێزەکانی ئیسرائیل 10 بەندکراوی فەڵەستینییان ئازاد کرد، بەڵام بە وتەی بەندکراوان تووشی دەستدرێژی بەردەوام بوون.

ئیسرائیل لە دوای دەستپێکردنی هەڵمەتە سەربازییەکەی لە غەززە هەزاران فەڵەستینی لە کاردانەوەی هێرشی حەماس بۆ سەر کەرتی غەززە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 دەستبەسەر کرد.

بەدرێژایی شەڕەکە جارجارە دەستگیرکراوەکانی ئازاد کردووە، هەرچەندە ئەمە یەکەمجارە لەدوای دەستپێکردنەوەی شەڕ لە ناوەڕاستی مانگی ئاداردا، دوای ئەوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست تێک چووە.

ئەو 10 کەسە هەموویان پانتۆڵی خۆڵەمێشی و تیشێرتی وەرزشیان لەبەردا بوو، بە پاس گواستراونەتەوە نەخۆشخانەیەک لە شارۆچکەی دێر بەلح لە ناوەڕاستی غەززە، لەوێ لەلایەن ئەندامانی خێزانەکەیانەوە پێشوازییان لێکرا.

ئاماژەیان بەوەش کرد، 156 ڕۆژە لە ئازاردان.

پیاوێک بەناوی هانی ئەبو شەریف، دەڵێت، چەندان جار لێیان دراوە و تا جلی ژێرەوەیان ڕووتکراوەتەوە و ناچارکراون بە پێی ڕووت لەسەر بەرد بوەستن و بەهۆیەوە پێیەکانیان خوێنی لێ هاتووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، تەنیا دوو مانگ جارێک ڕێگەیان پێدراوە دوش بکەن.

هیچ لێدوانێکی دەستبەجێ لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بڵاونەکراوەتەوە. سوپا و بەرپرسانی زیندان ڕایانگەیاند، پابەندی یاسان لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ زیندانییەکان و لێکۆڵینەوە لە سەرپێچیەکان دەکەن.