کۆمیسیۆن ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق دەست پێکرد
موهەنەد فازل عەباس، جێگری بەرپرسی ئیدارەی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی 11ـی نیسانی 2025، ڕایگەیاند، كۆمسیۆن ئامادەكارییەكانی بۆ هەڵبژاردن دەست پێكردووە.
دەشڵێت: ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو، دەست بە تۆماركردنی ناوی هاوپەیمانی، پارتە سیاسییەكان، لیست و كاندیدە سەربەخۆكان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەكرێت، هەروەها لە "15ی نیسان تا چواری ئایار" بەردەوام دەبێت.
لە هەڵبژاردنی 2021دا؛ كۆمسیۆن كێشەی لە پەنجەمۆڕی دەنگدەران هەبوو، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكانی كوردستان 24، كۆمسیۆن سەرقاڵی گفتوگۆ و گرێبەستە لەگەڵ كۆمپانیایەكی تایبەت تا بە فەیس ئای دی "ناسینەوەی ڕووخسار" دەنگدەر بتوانێت دەنگ بدات، بەمەرجێك دەنگدەر ناوی لە ناو لیست یان بایۆمەتری دەنگدەران هەبێت.