ئەو بڕیارەی دار و بەردی بەقسە هێنا
رۆژی شەممە رێكەوتی 26ی تەمووزی 2020 فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان بە ئامادەبوونی 8 ئەندام كۆبونەوەی خۆی ئەنجام دا، بە 5 دەنگی بەڵێ و 3 دەنگی نەخێر بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خولی نایابی تۆپی پێی كوردستانی دا و یانەی نەورۆزی وەك پاڵەوان دیاری كرد، ئەم بڕیارەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان لە كاتێكدا بوو هەردوو یانەی پێشمەرگەی هەولێر و برایەتی هەمان خاڵیان هەبوو، بەلام بە جیاوازی گۆڵ لە خانەی دووەم و سێیەم بوون، بەهەر پێوەرێك بێت ئەو بڕیارە نادادپەروەر و نایاسایی بوو، چونكە كاتێك خولێك هەڵدەوەشێتەوە پێویست ناكات پاڵەوان دیاری بكرێت، قسەم لەسەر یانەی نەورۆز نیە، چونكە هەمیشە لە وەرزەكانی رابردوو ژمارەیەكی قورس بووە و ململانێی بردنەوەی خولەكەی كردووە و پیرۆزیان بێت، قسەم لەسەر بڕیارە ناتەندروستەكەی چەند برادەرێكی نێو فیدراسیۆنەكەیە هەیە كە لێوان لێوە لە شارچێتی و بیری تەسكی حزبایەتی، بڕیارەكە بەهەر بیانوێك و لەبەرژەوەندی هەر یانەیەك درابێت جێگەی قبوڵ كردن نیە.
هەمیشە لە دوای راپەڕینەوە هەموو سێكتەرەكان لە باشووری كوردستان بە حزبی كراون، وەرزشیش بەدەر نەبووە لەو بە حزبیكردنە، قوربانی یەكەمیش لەم نێوەندە وەرزشكارانن ئەوەتا بەبڕیارێكی نالۆژیك خەون و ماندووبوونی چەند یانەیەك لەبار برا، بڕیارەكە ئەوەندە سەقەت بوو داروبەردی بەقسە هێنا، هەتا دەستی حزب لە وەرزش دوور نەخرێتەوە هیچ ئومێدێكم بەپێشكەوتنی وەرزشیی كوردستان نیە.
نووسینی: مەسعوود حەسەن
