وەزارەتی تەندروستی مەرجەكانی گەشتكردن لە فڕۆكەخانەكانی كوردستان بڵاودەكاتەوە
بەبێ جێبەجێكردن ئەو مەرجانە ریگەی گەشتكردن بە گەشتیاران نادرێت
K24- هەولێر:
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەرجەكانی گەشتكردن لە فڕۆكەخانەكانی هەرێم بڵاودەكاتەوە و بەگوێرەی ئەو مەرجانە، پێویستە بەر لە گەشتكردن، بە ماوەی 48 تا 72 كاتژمێر سەردانی فڕۆكەخانە بكەن و لە شوێنی تایبەت پشكنین ئەنجام بدەن، ئەوانەش كە لەدەوە سەردانی هەرێم دەكەن، هەر لە فڕۆكەخانەكان پشكنینیان بۆ ئەنجام دەدرێت.
مەرجێكی دیكەی وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەو هاووڵاتیانەی دەیانەوێت لە رێگەی فڕۆكەخانەكانی هەرێمەوە گەشت بكەن، ئەوەیە كە دەبێت پابەندی كەلوپەلەكانی خۆپارێزی بن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا. بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوەبەرایەتییەكانی تەندروستیی هەریەك لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی راسپێردراون، بۆ ئەوەی تیمی تایبەت بە پشكنینی گەشتیاران لە فڕۆكەخانەكان دابنێن، كە بۆ هەر گەشتێك 7 كارمەندی تەندروستی پێویستە.
ئەمە لەكاتێكدایە، 23ی ئەم مانگە گەشتە ئاسمانییەكان لە فڕۆكەخانەكانی عێراق دەستیان پێ كردەوە، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان، دەستپێكردنەوەی گەشتەكانیان بۆ یەكی مانگی داهاتوو دواخرا.
H.B