سەرۆكی پەرلەمان داوا لە پەرلەمانتاران دەكات لە دانیشتنی سبەی ئامادە بن
لەسەر داوای یەكێتی دانیشتنی پەرلەمان بۆ ماوەی 24 كاتژمێر دواخرا
K24- هەولێر:
کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ ماوەی 24 كاتژمێر دواخرا و سەرۆکی پەرلەمانیش داوا لە پەرلەمانتاران دەکات بۆ رۆژی دواتر ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان بن. سکرتێری پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: کارنامەکە وەك خۆیەتی، تەنیا بۆ رۆژێك دوا خراوە و پەرلەمانتارێکی گۆڕانیش دەڵێت: دواخستنی ئەم دانیشتنەی پەرلەمان بۆ یەکریزی نێو لایەنە سیاسیەکان گرنگ بوو زۆربەی فراکسیۆنەکانیش پشتگیری دەکەن.
لەسەر داواکاری فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی كوردستان دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی 24 كاتژمێر دواخرا، ئەمەش وەك هەوڵێك بۆ یەكڕیزی نێو لایەنە سیاسیەکان.
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە مەبەستی نزیك بوونەوەی لایەنەکان داواکەی پەسەند کرد و دەستەی سەرۆکایەتیش بە سەرۆك و جێگر و سکرتێری پەرلەمانەوە واژۆیان لەسەر رۆژی دانیشتنەكە و بەرنامەی كار کرد.
لەم بارەشەوە مونا قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: بەرنامەی کارەکە وەك خۆیەتی و تەنها بۆ ماوەی 24 كاتژمێر دواخراوە، باس لە چۆنیەتی دواخستنی دانیشتنەکەی پەرلەمانیش دەکات.
بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان دابەشی دوو تەوەر کراوە بۆ دوو رۆژی کۆبونەوەی پەرلەمان، تەوەرەی یەکەم بۆ دۆخی ناوچە سنووریەکان، ناوچە کوردستانیەکان، کۆرۆنا و خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ چەند پرۆژە یاسایەك، تەوەرەی دووەمیش بۆ دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان بە بەشداری وەزیری دارایی دەبێت.
هەر سەبارەت بەم بابەتەش جەلال محەمەد ئەمین، پەرلەمانتاری گۆڕان دەڵێت: بڕیاری دواخستنی کاتی دانیشتنی پەرلەمان بۆ یەکریزی نێو لایەنە سیاسیەکان بریارێکی گرنگ بوو.
واژۆكردنی بانگێشتنامە و بەرنامەی کارەکە لەلایەن هەرسێ ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەو مانایە دێت، زۆربەی لایەنەکان لەسەر کۆبوونەوەکەی پەرلەمان گەیشتوونەتە رێکەوتن، بە تایبەت لە نێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕان، سەرجەم فراکسیۆنەکانیش دواخستنی دانیشتنەکەیان بە ئاراستەی یەك ریزی نێو لایەنەکان بە گرنگ زانی و پشتگیری دواخستنی کۆبوونەوەکەیان کرد بۆ ماوەی 24 كاتژمێر.
H.B