کچێکی ئەفغانی بە کوشتنی دوو چەکداری تاڵیبان دەبێتە جێی باس

چەکدارەکان دایک و باوکیان کوشتووە

K24- هەولێر:

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ستایشی ئازایەتی کچە هەرزەکارێکی ئەفغانی دەکرێت دوای ئەوەی دوو چەکداری تاڵیبان دەکوژێت کە دایک و باوکیان کوشتبوو.

لە هەرێمی غوری ئەفغانستان، کچێک به‌ چەکی کڵاشینکۆڤ دوو چەکداری تاڵیبان دەکوژێت، چەکدارەکان هاتبوونە ماڵی كچەکە چونکە باوکی کچەكە پشتیوانی حکومەتی کردووە.

دوای کوشتنی دایک و باوکی، ئەو کچە هەردوو چەکدارەکە دەکوژێت، بەمەش چەکدارانی تاڵیبان هێزی زیاتر دەنێرنە گوندەکە بە ناوی گریوا، بەڵام چەکدارانی سەر بەحکومەت و گوندنشینان رووبەڕوویان دەبنەوە.

بەرپرسانی ناوچەکە دەڵێت، ئەو کچە تەمەنی 14 ساڵە، لە دوای رووداوەکە لەگەڵ براکەی بۆ شوێنێکی سەلامەت گوازراونەتەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ستایشی زۆری ئازایەتی ئەو خاتوونە دەکرێت، کە تۆڵەی دایک و باوکی کردووەتەوە.

AFP