بەرەی تورکمانی عێراق سەرۆکی نوێی هەڵبژارد

دوای ئەوەی حەسەن توران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق ئەمڕۆ دەست لەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکە ڕاگەیاند، مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە لە کۆبوونەوەیەکدا سەرۆکێکی نوێیان هەڵبژارد.

بەشی ڕاگەیاندنی بەرەی تورکمانی لە بەیاننامەیەکدا، کە کۆپییەکی دەستی کوردستان24 کەوتووە، ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە 13ـی نیسانی 2025، مەکتەبی سیاسیی بەرەکەیان نامەی دەست لەکارکێشانەوەی حەسەن تورانی لە سەرۆکایەتیی بەرەکە پەسەند کردوو.

هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە، مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیدا، محەممەد سەمعان کەنعانی بە سەرۆکی بەرەکە هەڵبژاردووە، بۆ ئەوەی لە قۆناغی داهاتوودا داکۆکی لە مافەکانی پێکهاتەی تورکمان بکات.

هەروەها مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی جەختی کردووەتەوە، ئەم هەنگاوەیان بۆ ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی پێکهاتەی تورکمانییە بۆ بەرگریی لە مافی تورکمانەکان.

یەکشەممە، 13ـی نیسانی 2025، حەسەن توران، لە نووسراوێکدا ڕایگەیاند، دەست لەکارکێشانەوەی خۆم لە سەرۆکایەتیی بەرەی تورکمانی عێراقی پێشکەش کردووە، هیوادارم ئەوەی لەجێگەکەم دەست بەکار دەبێت سەرکەوتوو بێت و منیش هاوکار دەبم.

گوتیشی: بەڵێن بە هەموو ڕۆلەکانی تورکمان دەدەم، کە دەبمە سەربازێکی بەرگریکار لە قەزیەی تورکمان و سوور دەبم  لەسەر یەکپارچەیی وڵاتەکەمان و پابەندیش دەبم بە بنەماکانی بەرەی تورکمانی عێراقی.

محەممەد سەمعان کەنعانی سەرۆکی نوێی بەرەی تورکمانی عێراق لە کەرکووک
 
 
 
Fly Erbil Advertisment