دهۆک خاوەنی بەهێزترین بازاڕی زێڕە

لە دهۆک پێنج بازاڕی تایبەت بە زێڕنگەران هەیە و ژمارەیەکی زۆری دوکان لە خۆ دەگرێت و سەرجەمیان دڵخۆشن بە هەبوونی ئاسایش و سەقامگیریی لەو بازاڕانەدا.
یەکشەممە، 13ـی نیسانی 2025، سەید ئەحمەد، كه ساڵانێکی زۆرە کڕین و فرۆشتنی زێڕ دەکات لەنێو بازاڕی زێڕنگەرانی دهۆک بە کوردستان24ـی گوت: "چەندین ساڵە پارچەی زێڕەکان لەسەر دەستم دادەنێم و لەنێو بازاڕەکە دەسوڕێمەوە، ڕۆژێک لە ڕۆژان زێڕەکانم نەدزراون".
به ههمان شێوه فەتحی رێکانی، زێڕنگەر بە کوردستان24ـی گوت: سەقامگیرییەکی باش هەیە و دڵخۆشین بەوە، چونکە بەبێ ترس و کێشە مامەڵەکانمان دەکەین و هاووڵاتییانیش زۆر لەگەڵمان هاوکارن."
لە دهۆک پێنج بازاڕی تایبەت بە زێڕنگەران هەیه و سێ لەوانە سەرەکیینە و 250 دوکان لە خۆ دەگرن و ماوەی 34ساڵە دروست کراون و هیچ دزییەکی ڕێکخراو لەو دوکانانە نەکراوە، وەک هاووڵاتییان و دوکاندرانیش باس دەکەن هۆکارەکەی بۆ هەبوونی ئاسایش و سەقامگیریی دەگەڕێتەوە.