دوو تۆمەتبار لە هەولێر دەستگیركران
دۆسیەكەیان رەوانەی دادگا كرا
K24- هەولێر:
دوو تۆمەتبار بە تۆمەتی دزینی كێبڵی كارەبا لە بازاڕە سووتاوەكەی شاری هەولێر لەلایەن هێزەكانی پۆلیسیەوە دەستگیر كران.
لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ كوردستان 24، هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی فریاكەوتنی هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ 2 كەسیان بە تۆمەتی دزینی كێبڵی كارەبایی لە بازاڕی سیم، كە بەر لە چەند رۆژێك سووتا، دەستگیركراون.
هەروەها گوتی: دوای ئاگاداركردنەوەیان لە حاڵەتێكی دزینی كۆمەڵێك كێبڵی وایەر و كێبڵی كارەبایی لە بازاڕی سیم لە گەڕەكی كوردستان، دەستبەجێ دوو تۆمەتبار بە ناوەكانی (ی.ف.م) و (و.ب.س) لەكاتی ئەنجامدانی دزییەكە دەستگیر كران.
ئاماژەی بەوەشدا، تۆمەتباران دانیان نا بە تاوانەکەیاندا، بۆیە بەپێی ماددەی (446) لە یاسای سزادان، بەند کران و درانە دادگا.
H.B