محەمەد سەڵاح 600 ملیۆن یۆرۆی رەتکردەوە

محەمەد سەڵاح هێرشبەری مسڕی یانەی لیڤەرپوولی ئینگڵاند، دواجار کۆتایی هەموو دەنگۆکان هێنا و گرێبەستەکەی بۆ ماوەی دوو ساڵ، تاوەکو هاوینی ساڵی 2027 نوێکردەوە. بەم شێوەیەش کۆتایی بە هەموو دەنگۆکان هێنا.
سامی موقبل پەیامنێری تۆڕی هەواڵی بی بی سی بەریتانی بڵاویکردەوە، پێش ئەوەی هێرشبەرە موسڵمانەکەی رێدز گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی نوێ بکاتەوە، لەلایەن سعوودییەکانەوە زۆر هەوڵدرا کە رازی بکەن پەیوەندی بە یانەیەکی وڵاتەکەیانەوە بکات، ئەوان واتە سعوودییەکان ئامادەبوون لە پێناو گواستنەوەی ئەو یاریزانە 600 ملیۆن یۆرۆی پێشکەش بکەن، بەڵام ئەو یاریزانە پارە خەیاڵییەکەی رەتکردەوە و بڕیاریدا گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی نوێ بکاتەوە.
لەم ساڵانەی دواییە سعوودییەکان لە پێناو ئەوەی سەرنجی جیهان بۆ خۆیان رابکێشن، وەبەرهێنانێکی گەورەیان لە کەرتی وەرزشدا کردووە و ملیارەها یۆرۆیان لەم پێناوە خەرجکردووە و چەندان ئەستێرەی دیاری جیهانیشیان گواستووەتەوە خولی وڵاتەکەیان، دیارترینیان کریستیانۆ رۆناڵدۆ و کەریم بێنزێما و نگۆلۆ کانتی و چەندان یاریزانی دیکە.
محەمەد سەڵاح ساڵی 2017 بەرامبەر نزیکەی 42 ملیۆن یۆرۆ، لە ریزەکانی یانەی رۆمای ئیتاڵیاوە پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی لیڤەرپوولەوە کرد، لەو کاتەوە لەگەڵ ئەو یانەیە بەشداری 395 یاریکردووە و خاوەنی 243 گۆڵ و هەروەها 112 ئاسیستە. سەڵاح لەو کاتەوە لەگەڵ رێدز 11 ناسناوی بەدەستهێناوە.