لەبارەی قەدەغەی ھاتووچۆ بۆ رۆژانی جەژن بڕیار دەدرێت

وەزیری ناوخۆ: دەسەڵات دراوە بە پارێزگارەكان

K24 – ھەولێر

وتەبێژی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر رایدەگەیەنێت، لەبارەی رێكار و رێنماییەكانی خۆپارێزی كۆدەبنەوە و پێشبینی دەكات لە رۆژانی جەژن قەدەغەی ھاتووچۆ رانەگەیەندرێت. پارێزگاری سلێمانیش دەڵێ "قەدەغەی ھاتووچۆ نابێت، بەڵام گەڕان و كۆبوونەوە قەدەغەیە".

ھێمن قادر، جێگری پارێزگار و وتەبێژی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "پێش جەژن لەبارەی رێكار و رێنماییەكان كۆدەبینەوە، وەك ئێمە پێشبینی دەكەین قەدەغەی ھاتووچۆ راناگەیەندرێت و دۆخەكە ئاسایی دەبێت، تەنھا نوێژی جەژن ناكرێت، بەڵام داوامان لە ھاووڵاتییان ئەوەیە بەریەك كەوتن نەبێت".

لەلایەكی دیكە لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەكانی رووبەڕوو بوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سلێمانی، چەندین رێكار و بڕیاری نوێی بۆ رۆژانەی جەژن و دوای جەژنی قوربان دەركرد، پارێزگاری سلێمانیش دەڵێ: ئەگەر ھاووڵاتییان بەجددی پابەندی رێنماییەكان و بن و ھاوكاربن لە دوای 15ی مانگی داھاتوو پارێزگای سلێمانی دەچێتە قۆناغێكی نوێوە و مەترسییەكانی كۆرۆنا زۆر كەم دەبنەوە.

ھەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی بە كوردستان24ی گوت: "لە رۆژانی جەژن ھاتووچۆ قەدەغە نابێت، بەڵام نابێت گەڕان و نوێژی جەژن و چوونە سەر قەبران ھەبێت، بە ھەموو شێوەیەك كۆبوونەوە و تێكەڵ بوون قەدەغە دەبێت".

ھاوكات رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: "بۆ قەدەغەی ھاتووچۆ دەسەڵات دەراوەتە پارێزگارەكان، لە ھەر شوێنێك پێویست بكات قەدەغەی ھاتووچۆ رادەگەیەندرێت".