وەزیری تەندروستی: زیاتر لە 15 ملیار دینارمان لە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا خەرج کردووە
لە پەرلەمان راپۆرتی خۆی سەبارەت بە رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا خوێندەوە
K24 - هەولێر
وەزیری تەندروستی لە پەرلەمانی کوردستانەوە رایگەیاند، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتەکەی زیاتر لە 15 ملیار دیناری بۆ دەستنیشانکردن، خۆپارێزی و چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆرۆنا خەرجکردووە.
تائێستا لە هەرێمی کوردستان 12 هەزار و 635 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 8556 کەسیان چاکبوونەتەوە، 3583 کەسیان لە نەخۆشخانە ماونەتەوە و 192 هەزار و 407 کەسیش لەسەر خەرجیی وەزارەتی تەندروستی پشکنینی کۆرۆنایان بۆ کراوە، ئەمەش ملیاران دیناری تێچووە.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی بانگهێشتی پەرلەمانی کوردستان کرا و دوێنێ (دووشەممە، 27-7-2020) راپۆرتێکی لەبارەی رێکارەکانی وەزارەتەکەی سەبارەت بە پەتای کۆرۆنا خستەڕوو.
وەزیری تەندروستی گوتی "وەزارەتی تەندروستی شەش ملیار دیناری تەرخانکراوی مانگانەی هەیە پێش کۆرۆناش، واتا پار و پێراریش. دەتوانم بڵێم زیاتر لە 70%ـی ئەو پارەیە وەکو بودجەی رۆتینیی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا بۆ کۆرۆنا خەرج کراوە".
لەوەتەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، چەند جارێک بودجەی تایبەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا تەرخانکراوە. د. سامان بەرزنجی شێوازی وەرگرتنی بودجەکە بەمشێوەیە رووندەکاتەوە: بودجەی یەکەم چوار ملیار دینار، بودجەی تەرخانکراوی دووەم چوار ملیار دیناری دیکە، دواتر پێنج ملیار دینار، پاشان سێ ملیار و 500 ملیۆن دیناری دیکە. هەروەها لەڕێگەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق بڕیارە دوو ملیار دیناری دیکەش بۆ هەرێمی کوردستان بنێرن، کە یەک ملیار دیناری گەیشتووە و ئەمڕۆ نووسراو کراوە و داواکراوە ملیارەکەی دیکەش لە نزکترین کاتدا بگات.
هەموو ئەو بودجەیە بەگوێرەی ئەو پێوەرەی لە وەزارەتی تەندروستی هەیە، بۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی تەرخانکراوە کە "دەستکراوە بوون لە دابینکردنی پێداویستییەکانی: دەستنیشانکردن، خۆپارێزی و چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆرۆنا".
بەگوێرەی راپۆرتەکەی وەزیری تەندروستی 13 ملیار و 39 ملیۆن دینار لەلایەن سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دوو قۆناغ بۆ نەخۆشیی کۆرۆنا تەرخانکراوە، هەروەها 5 ملیار و 500 ملیۆن دینار لەلایەن حکومەتی عێراق تەرخانکراوە، بەڵام تائێستا 2 ملیار دیناری دابەشنەکراوە.
هـ.ر.