ههر بهنزینخانهیهك بهنزینی خراپ بفرۆشێت سزا دهدرێت
ھەڵمەتێك لە بەنزینخانەكان دەستیپێكرد
K24 – ھەولێر
لە ھەولێر ھەڵمەتێك بۆ پشكنینی بەنزین لە بەنزینخانەكان دەستیپێكردووە و ھەر بەنزینخانەیەك بەنزینی كوالێتی نزم بفرۆشێت، دادەخرێت و لافیتەش لەسەر بەنزیخانەكە ھەڵدەواسرێت.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی ھەولێر لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "پشكنین بۆ بەنزینی بەنزینخانەكان دەكەین، ئەو بەنزینخانانەی بەنزین خراپ دەفرۆشن، جگە لە داخستنیان لافیتەشیان لەسەر ھەڵدەواسرێت و ئیجرائاتیش لەگەڵ خاوەنەكەی دەكرێت".
گوتیشی: "كاری لیژنەكانی چاودێری چڕ دەكرێتەوە و پێویستە ھاووڵاتییان لە ھەر بەنزینخانەیەك زانیان بەنزینی خراپ ھەیە بە زووترین كات ئاگادارمان بكەنەوە".
قایمقامی قەزای ناوەندیی ھەولێر روونیكردەوە: "ئەو ھەڵمەتەی دەستمان پێكردووە تەنھا بۆ بەنزین نییە، بەڵكو گازوایلیش دەگرێتەوە".