خۆپیشاندەران چەندین رێگای سەرەكیی سەنتەری پارێزگای زیقار دادەخەن

وەزارەتی ناوخۆی عێراق: دەستێکی تێکدەر لەناو خۆپیشاندانەکان هەیە

 K24 - هەولێر

لەکاتێکدا پلەی گەرما لە 50 پلەی سیلیزی نزیکدەبێتەوە، دانیشتووانی عێراق بەدەست کەمی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی دەناڵێنن، بۆیە ئەمڕۆ بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزاییەتی بەرامبەر خراپی رەوشی كارەبا، لە چەند قەزایەکی پارێزگای زیقار خۆپیشاندان کرا.

میدیاکانی عێراق و چالاکوانان لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەڵێن دەیان کەس لە قەزای سوق شیوخ بەیانیی ئەمڕۆ دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و رێگەی سەرەکیی نێوان ئەو قەزایە و قەزاکانی دیکەی پارێزگاکەیان داخست، ئەوان جگە لە داواکاری بۆ باشکردنی خزمەتگوزارییەکان، داوا دەکەن بەشێکی بەرپرسانی خۆجێیی لە کارەکانیان دووربخرێنەوە.

بەگشتی لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە خۆپیشاندان لە قەزای سووق شیوخ لە پارێزگاکە دەستیپێکردووە، لە رۆژی یەکشەممە، خۆپیشاندەرانی توڕەی قەزاکە زۆربەی فەرمانگەکانی حکومەتیان داخست و داوای دەستلەکارکێشانەوەی حەسەن فەرەج، بەڕێوەبەری قەزاکەیان کرد.

نازم وائیلی، پارێزگاری زیقار بەیانیی ئەمڕۆ چاوی بە بەشێکی ئەو خۆپیشاندەرانە کەوت، کە دەوری باڵەخانەی پارێزگایان دابوو و پەیمانی پێدان هەموو بەڕێوەبەرە "حیزبی و گەندەڵەکان" بگۆڕێت.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق: گرووپێکی تێکدەر لەنێو گۆڕەپانی تەحریردا هەن

بەگشتی لەماوەی خۆپیشاندانەکانی ئەم چەند رۆژەی عێراق، تائێستا سێ خۆپیشاندەر کوژراون، کە دووانیان شەوی یەکشەممە لە گۆڕەپانی تەحریر بەسەختی بریندار کران و رۆژی دواتر گیانیان لەدەستدا.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق راگەیەنراوێکی لەبارەی خۆپیشاندانەکان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "بەگوێرەی ئەنجامە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممەی بەغدا، تێبینیکراوە گرووپێکی تێکدەر لەنێو گۆڕەپانی تەحریردا هەن، لە رێگەی هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەران، هەوڵ بۆ نانەوەی ئاژاوە دەدەن".

وەزارەتەکە جەختی لەسەر پابەندبوونی هێزە ئەمنییەکان بە فەرمانەکانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان کردووەتەوە، لە تەقەنەکردن لە خۆپیشاندەران.

 

هـ.ر.