دارا ره‌شید: كاره‌با ده‌ده‌ینه كه‌رتی تایبه‌ت و له‌گه‌ڵ ته‌ملیك كردنی ڤێلا و مه‌زره‌عه‌كان نین
پڕۆژه‌ی هێڵی ئاسنینی كوردستان جێبه‌جێ ده‌كه‌ین
K24 – هه‌ولێر:
له دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی كوردستاندا، وه‌زیری پلاندانانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دارا ره‌شید وه‌ڵامی پرسیاری ژماره‌یه‌ك له په‌رله‌مانتارانی دایه‌وه و رایگه‌یاند، زۆرترین پڕۆژه‌ی پارێزگاكان له سلێمانی جێبه‌جێ كراوون. پێداچوونه‌وه به یاسای كار و هێنانی كرێكاری بیانی ده‌كرێت. سیستمی كاری بانكی له كاشه‌وه ده‌گۆڕین بۆ ئه‌لیكترۆنی و له‌گه‌ڵ ته‌ملیكردنی باخ و ڤێلا و مه‌زره‌عه‌كان نین و یاسایه‌كی نوێیان بۆ ده‌رده‌كرێت. هه‌روه‌ها گوتی: پڕۆژه‌ی هێڵی ئاسنینی كوردستان جێبه‌جێ ده‌كه‌ین و یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون له ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان تاپۆ ده‌كه‌ین و 9 به‌نداوی نوێ له كوردستان درووست ده‌كه‌ین و جگه له‌وانه‌ش له ساڵی داهاتووه‌وه به‌رهه‌مهێنان و وه‌رگرتنی گه‌نمی جووتیاران رێكده‌خه‌ین.
پوخته‌ی وته‌كانی وه‌زیری پلاندانان
بودجه‌ی وه‌به‌رهێنان
له وه‌زاره‌تی پلاندانان له پڕۆژه‌ی وه‌زاره‌ته‌كان 1297 پڕۆژه به بڕی تێچووی 5 ترلیۆن دینار هه‌بوون و 1388 پڕۆژه‌ش له سه‌ر بودجه‌ی گه‌شه‌پێدانی پارێزگاكان بوون به تێچووی 400 ملیار دینار. له پڕۆژه‌ی وه‌زاره‌ته‌كان 60 پڕۆژه جێبه‌جێ كراوون، كه ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ پڕۆژه‌كانی رێگاوبان، به‌نداو و كه‌رتی كاره‌با بووه. پڕۆژه‌ی شه‌قامی سه‌د مه‌تری سلێمانی یه‌كێك له‌و پڕۆژانه بوو.
هه‌روه‌ها له كۆی پڕۆژه‌ی پارێزگاكان، 150 پڕۆژه ته‌واو كراون، كه قۆناغی یه‌كه‌م ئه‌و پڕۆژانه بوون، %75یان ته‌واو ببون و له قۆناغی دووه‌میشدا ئه‌و پڕۆژانه‌ی %85یان ته‌واو كرابوو. حكومه‌ت 44 ملیار دیناری بۆ ته‌رخان كردن.
پڕۆژه‌ی پارێزگاكان
پێویسته ئه‌وه روون بكه‌مه‌وه، به رێژه له پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان به‌م جۆره پڕۆژه‌كان جێبهجێكراوون.
- هه‌ولێر: %31 به بڕی تێچووی 64 ملیار دینار.
- دهۆك: %25 و به بڕی تێچووی 52 ملیار دینار.
- سلێمانی: %39.2 به بڕی تێچووی 80 ملیار دینار.
- هه‌ڵه‌بجه: %3.9 به بڕی تێچووی 8 ملیار دینار.
یه‌كه‌م پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنانی دهۆكیش ئه‌وه بوو، كه سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ردی بناغه‌كه‌ی دانا.
ئه‌وه‌ی ده‌وترێت له باره‌ی گواستنه‌وه‌ی بودجه‌ی وه‌به‌رهێنانی پارێزگایه‌ك بۆ یه‌كێكی دیكه زۆر مه‌حاڵه، چونكه ئه‌سته‌مه بودجه‌ی وه‌به‌رهێنانی پڕۆژه‌یه‌ك بۆ یه‌كێكی دیكه بگوازرێته‌وه، چ جای پارێزگایه‌ك.
هاوبه‌شی
پلانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌ره‌پێدانی كه‌رتی تایبه‌ت و هاوبه‌شی نێوان كه‌رتی گشتی و كه‌رتی تایبه‌ته. په‌یڕه‌ومان بۆی داناوه و له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران په‌سند كراوه و هه‌موو ئه‌و پڕۆژانه‌ی كه حكومه‌ت ناتوانێت به ته‌نیا ته‌واویان بكات، كه‌رتی تایبه‌ت ده‌بێته هاوبه‌ش و ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی بووژاندنه‌وه‌ی هه‌موو كه‌رته‌كان و ره‌خساندنی هه‌لی كار و بووژاندنه‌وه‌ی ئابووری، چونكه سه‌رجه‌م پڕۆژه‌كان به كار ده‌كه‌ونه‌وه.
كرێكاری بیانی
پێداچوونه‌وه به هێنان و كاركردن به كرێكاری بیانی ده‌كه‌ین. باج و ده‌رامه‌ت له كرێكاری بیانی وه‌رده‌گرین. بێگومان هه‌موویان نا، ئه‌وانه‌ی كرێی كاریان سێ سه‌د یان چوار سه‌د دۆلاره نا، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ی مووچه‌یه‌كی زۆریان هه‌یه. رووپێوی بۆ كرێكاری بیانی ده‌كه‌ین. به‌رنامه‌ی بیمه‌ی بێكاری داده‌ڕێژین به گوێره‌ی سیستمی وڵاتانی پێشكه‌وتوو. كارده‌كه‌ین بۆ چاره‌سه‌ركردنی چاره‌نووسی كرێكارانی كه‌رتی تایبه‌ت و دابینكردنی خانه‌نشینی بۆ كرێكارانی كه‌رتی تایبه‌ت.
حكومه‌ت ناتوانێت خه‌ڵك دابمه‌زرێنێت، ئه‌و خه‌ڵكه‌ش كه دامه‌زراندنی ده‌وێت، دڵنیا نییه له چاره‌نووسی خۆی له كه‌رتی تایبه‌ت. ماف و ئیمتیازی دیار نییه، بۆیه هه‌وڵده‌ده‌ین خانه‌نشینی كه‌رتی تایبه‌ت هاوشێوه‌ی كه‌رتی گشتیی بێت.
سیستمی بانكی
كار بۆ دامه‌زراندنی سیستمێكی نوێی بانكی ده‌كه‌ین. ئابووری كاش له هه‌رێمی كوردستان ده‌گۆڕین بۆ ئابووری ئه‌لیكترۆنی. هه‌وڵی هه‌مه‌چه‌شنكردنی سه‌رچاوه‌ی داهات ده‌ده‌ین.
گه‌نم
له هه‌رێمی كوردستان ساڵانه یه‌ك ملیۆن ته‌ن گه‌نم به‌رهه‌م ده‌هێنرێت. حكومه‌تی عێراق 400 هه‌زار ته‌ن وه‌رده‌گرێت و 600 هه‌زار ته‌نی ساغ نابێته‌وه. كۆمپانیای كه‌رتی تایبه‌تمان هێناوه. له هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك كار ده‌كه‌ن. گرێبه‌ستمان له‌گه‌ڵ كردوون. ئه‌و كۆمپانیایانه بۆ وه‌رزی چاندن، بنه‌تۆ ده‌ده‌نه جووتیار، گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ جووتیاران ده‌كه‌ن و له وه‌رزی به‌رهه‌مدا به‌رهه‌مه‌كه‌یان لێ ده‌كڕنه‌وه. ئه‌و كۆمپانیایانه ئارد و ته‌واوی پێكهاته‌كانی به‌رهه‌م ده‌هێنن.
ئاودێری
له هه‌رێمی كوردستان جووتیاران كێشه‌ی ئاودێریان هه‌یه. %51ی كشتوكاڵی هه‌رێم پشت به باران ده‌به‌ستێت. %48ی پشت به ئاوی ژێر زه‌وی ده‌به‌ستێت. ته‌نیا %1ی كشتوكاڵی هه‌رێمی كوردستان پشت به ئاوی رووباره‌كان ده‌به‌ستێت و كشتوكاڵی هه‌رێم كه‌مترین سوود له ئاوی رووباره‌كان ده‌بینێت.
له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق رێككه‌وتبووین ئه‌وان سێ به‌نداو له هه‌رێم درووست بكه‌ین. بڕیاره دوای جه‌ژن له‌سه‌ر ئه‌و پرسه گفتوگۆ بكرێته‌وه. خۆمانیش بڕمان داوه 6 به‌نداوی نوێ درووست بكه‌ین، به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌ت و ئه‌و به‌نداوانه 1000 میگاوات كاره‌با به‌رهه‌م ده‌هێنن. 453 هه‌زار دۆنم زه‌وی دێراو ده‌كه‌ن. چه‌ندین هه‌لی كار ده‌ڕه‌خسێنن و پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ی ماسی به‌خێوكردن ده‌كرێنه‌وه.
هێڵی ئاسنین
پڕۆژه‌مان هه‌یه، هێڵی ئاسنینی كوردستان بخه‌ینه كار، هه‌فته‌ی رابردوو، له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا بڕیار درا، بڕی 3 ملیار دینار بۆ جه‌دوای ئابووری پڕۆژه‌كه ته‌رخان بكرێت. ئه‌و هێڵه عێراق و هه‌رێمی كوردستان و وڵاتانی ناوچه‌كه به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه و كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره ده‌كاته سه‌ر ئابووری و گه‌شه‌پێدانی هه‌رێمی كوردستان.
تاپۆ
لیژنه بۆ تاپۆكردنی زه‌وییه‌كان و ئه‌و یه‌كانه درووست كراوه، كه له ناو شاردا به زیاده‌ڕۆیی درووستكراون و ئه‌وانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كانن. 167 هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون و تا ئێستا تاپۆ نه‌كراون. ئه‌وه‌ش ده‌بێته داهات بۆ حكومه‌ت، چونكه ئه‌و یه‌كانه چه‌ندین جار ده‌ستاوده‌ستیان پێوه‌كراوه به بێ ئه‌وه‌ی هیچ سوودێكیان بۆ حكومه‌ت هه‌بێت.
هه‌روه‌ها ئه‌و یه‌كانه‌ی كارتن له به‌رامبه‌ر قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان دراونه‌ته هاووڵاتیان، تاپۆ ده‌كرێن.
هه‌روه‌ها ئه‌و زه‌وییه كشتوكاڵییانه‌ی كه گرێبه‌ستیان هه‌بووه، ده‌بێت ته‌نیا بۆ جووتیاران بن و نابێت بفرۆشرێنه كه‌سانێك كه جووتیار نیین و زه‌وییه‌كه بۆ بواری كشتوكاڵی به‌كار ناهێنن.
ڤێلاكان
ئێمه له باره‌ی ڤێلا و مهزرهعهكانهوه، به روونی بڵێم، ئێمه له‌گه‌ڵ ته‌ملیككردنی ئه‌و ڤێلا و مهزرهعانهدا نین. پڕۆژه یاسامان ئاماده كردووه، ئه‌و ڤێلا و شتانه پابه‌ند ده‌كرێن به چه‌ند شتێك، چونكه ئه‌و زه‌ویانه هی ئه‌م نه‌وه‌یه نین به ته‌نیا، به‌ڵكو هی نه‌وه‌ی داهاتووشن. ناكرێت خه‌ڵكێك هه‌بێت سه‌د مه‌تر زه‌وی بۆ نیشته‌جێبوون نه‌بێت و خه‌ڵكێكیش هه‌بێت له‌سه‌ر پانتایی ده‌یان دۆنم زه‌وی ڤێلای درووست كردبێت.
كاره‌با
ئێمه بۆ كه‌رتی كاره‌با مانگانه 81 ملیۆن دۆلار خه‌رجی حكومه‌تمان هه‌یه، به‌ڵام داهاتی ته‌نیا 40 ملیۆن دۆلار ده‌گه‌ڕێته‌وه. ته‌نیا له‌سه‌دا 10ی به‌رهه‌می كاره‌با له بهنداوهكانهوهیه. %90ی له وێستگه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ته. بۆیه پڕۆژه‌مان ئه‌وه‌یه كه‌رتی كاره‌با بدرێته كه‌رتی تایبه‌ت و كۆمپانیا به‌رهه‌م دابه‌ش بكات و هه‌ر خۆیانیش داهاته‌كانی كۆبكه‌نه‌وه بۆ حكومه‌ت و نرخه‌كه‌شی هه‌مان نرخی حكومه‌ت ده‌بێت.