میدیا عێراقییەكان باس لە مووشەكبارانكردنی فڕۆكەخانەی بەغدا دەكەن و دەسەڵاتدارانیش رەت دەكەنەوە
هەواڵەكە لە زۆربەی میدیا عێراقییەكان بڵاوكرایەوە
K24- هەولێر:
چەند میدیایەكی عێراقی رایانگەیاند، بنكەی فیكتۆریا لە فڕۆكەخانەی بەغدا بە دوو مووشەك كرایە ئامانج، لە بەرامبەریشدا دەسەڵاتدجارانی عێراق ئەو هەواڵە رەت دەكەنەوە.
لەم بارەشەوە سەرچاوەیەك كە ئاماژە بە ناوی نەكراوە، بە پێگەی ئالیكترۆنی "بغداد الیوم"ی راگەیاندووە، بەشی سەربازیی بنكەی فیكتۆریا لە فڕۆكەخانەی بەغدا بە دوو مووشەكی جۆری عەیار 107 كراوەتە ئامانج، بەبێ ئەوەی وردەكاری زیاتر لەبارەی ئەو هەواڵە بخاتە روو، بەڵام دواتر كە ئەو هەواڵە لە زۆربەی میدیا عێراقییەكان بڵاوكرایەوە، شانەی ئەمنی راستی ئەو هەواڵەی رەتكردەوە و رایگەیاند، هیچ مووشەكێك بەر فڕۆكەخانە و دەوروبەری نەكەوتووە و ئەو هەواڵە لە راستییەوە دوورە.
ئەمە لەكاتێكدایە، ئەوی رابردووش سەربازگەی تاجی لە باكووری بەغدا مووشەكباران كرا و 3 مووشەك بەر سەربازگەكە كەوتن.
دواتریش شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە عێراق رایگەیاند، سەربازگەی سوپای عێراق لە تاجی بە 3 مووشەكی جۆری كاتیۆشا كرایە ئامانج، كە لە ناوچەی "سبع البور"ـەوە هەڵدرابوون.
ئاماژەی بەوەش دابوو، مووشەكەكان بەر پێگە سەربازییەكانی عێراق كەوتن، مووشەكی یەكەم بەر پۆلی پارزدەهەمی فڕۆكەوانی سوپا كەوت و زیانی زۆر بە یەكێك لە فڕۆكەكانی سوپا گەیشت، مووشەكی دووەمیش بەر كارگەی درووستكردنی تۆپ و چەك كەوت و زیانی ماددی زۆری بەدواوە بوو. لەكاتێكدا سێیەم مووشەك بەر پۆلی دووەمی فڕۆەكانی سوپا كەوت، بەڵام نەتەقییەوە.
H.B