عێراق پابەندبوونی خۆی بە رێكکەوتنێكی لەگەڵ توركیا هەڵپەسارد

تایبەتە بە هاتووچۆی گەشتیارانی هەردوو وڵات لە رێگەی دەروازە سنوورییەكانەوە

K24- هەولێر:

دوای ئەوەی توركیا بە تاكلایەنە پابەندی ئەو بڕیارە نەبوو كە لە ساڵی 2009 لە نێوان بەغدا و ئەنقەرە واژۆ كرابوو و ناوەڕۆكی ئەو رێكەوتنە جەختی لەوە دەكردەوە، كە ئەو هاووڵاتیانەی هەردوو وڵات كە لە رێگەی وشكانییەوە سەردانی وڵاتانی یەكتر دەكەن، لە دەروازە سنوورییەكان ڤیزا وەردەگرن، بەبێ گەڕانەوە بۆ كونسۆڵخانە و باڵیۆزخانەكان، لە بەیاننامەیەكدا وەزارەتی دەرەوەی حكومەتی عێراقیش رایگەیاند، چیتر عێراقیش پابەندی ئەو رێكەوتنە نابێت.

دەقی بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق:

عێراق بەجدی پابەندە بەو رێكەوتن و یاداشتنامانەی لەگەڵ وڵاتانی جیهان لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندی بەهێزكردنی هاوكاری دوولایەنە واژۆیان دەكات.

پێشتر لە ساڵی 2009 عێراق یاداشتێكی لێكتێگەیشتنی كونسۆڵگەرایی لەگەڵ كۆماری توركیا واژۆ كرد، لە ناوەڕۆكەكەیدا جەخت لەوە كراوەتەوە، گەشتیارانی هەردوو وڵات كە لە رێگەی وشكانییەوە سەردانی وڵاتانی یەكتر دەكەن، ڤیزا لە دەروازە سنوورییەكان وەردەگرن، بەبێ گەڕانەوە بۆ كونسۆڵخانە و باڵیۆزخانەكان، ئەكەش لە پێناو ئاسانكاری هاتووچۆی نێوان هەردوو وڵات، بەڵام لایەنی توركی كاركردنی بەگوێرەی ناوەڕۆكی ئەو یاداشتە وەستاند، بۆیە حكومەتی عێراقیش بڕیاری دا، پابەندبوونی خۆی بەو یاداشتە هەڵپەسێرێت، ئەمەش لەسەر بنەمای جێبەجێكردنی هەنگاوی هاوشێوە.

هەر لەم چوارچێوەیەدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزخانەكەمانی لە ئەنقەرە لەو بڕیارە ئاگادار كردووەتەوە، بۆ ئەوەی بزانن لایەنە پەیوەندیدارەكانی توركیای لێ ئاكگادار بكەنەوە، هەروەك باڵیۆزخانەی توركیاشمان لە بەغدا لەو بڕیارە ئاگادار كردووەتەوە.

هاوكات دانوستانەكانمان لەگەڵ توركیا بۆ دووبارە كاركردن بەو یاداشتە بەردەوامن.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق

بەغدا

28/7/2020

H.B