حکومەتی تورکیا فەیسبووک و تویتەری کۆنتڕۆڵکرد

"سەردەمێکی رەشە بۆ تورکیا

K24- هەولێر:

پەرلەمانی تورکیا پرۆژە یاسایەکی پەسەندکرد کە رێگا بە حکومەت دەدات، کۆنترۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکات.

بەگوێرەی یاساکە، دەبێت نوێنەرانی کۆمپانیاکانی فەیسبووک و تویتەر لە تورکیا هەبن و هەر بابەتێک کە حکومەت بە نەگونجاوی بزانێت بیسڕنەوە، دەنا رووبەڕووی سزا دەبنەوە.

ئەو یاسایە لە لایەن ئەندام پەرلەمانانی AKP و MHP دەنگی بۆ درا و ناڕەزایی زۆری دروست کردووە.

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، رەخنە لەو یاسایە دەگرن و بە دژی ئازادی رادەربڕین ناوی دەبەن.

یامان ئەکدێنیز، پرۆفیسۆر لە زانکۆی بیگلی لە ئیستانبوڵ بە فرانس پرێسی راگەیاند، لە کاتێکدا میدیا نووسراو و بینراو و بیستراو ئێستا لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تاکە شوێن بوو خەڵک بە ئازادی بتوانێت بۆچوونی خۆی دەرببڕێت.

دەشڵێت، ئەم یاسایە نیشانەی هاتنی سەردەمێکی رەشە بۆ تورکیا.

لە رابردوودا، بەهۆی رەخنە گرتن لە حکومەت و رەجەب تەیب ئەردۆغان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەکارهێنەرانی فەیسبووک و تویتەر دەستگیرکراون.