سێ هاووڵاتی لە مالیزیاوە گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان

بە هەوڵی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، سێ هاووڵاتی هەرێمی کوردستان کە ببوونە قوربانی ئەو باندانەی بازرگانیی بە مرۆڤ دەکەن لە مالیزیاوە گەڕێندرانەوە هەرێم.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە ڕێگەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی، سێ هاووڵاتی هەرێمی کوردستان کە ببوونە قوربانی ئەو باندانەی بازرگانیی بە مرۆڤەوە دەکەن هانایان بۆ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هێنا کە لەوێ فێڵیان لێکراوە و گیریان خواردووە و بێ پارە و پاسپۆرت و شوێن ماون و لە دۆخێکی زۆر سەختدان. 

ئەم سێ هاووڵاتییە لە لایەن باندێک هەڵخەڵەتێنرابوون گوایە لە ڕێگەی وڵاتی مالیزیاوە ڕەوانەی ئەورووپایان دەکەن. بەڵام دواتر دەرکەوتووە بەڵگەنامەکان ساختەن و لە فڕۆکەخانە گیریان خواردبوو. 

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، هەر زوو بەدواداچوونی بۆ کێشەی ئەم سێ هاووڵاتییە کرد و لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە و هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە مالیزیا توانی سۆرغیان بکات و پاسپۆرتی گەڕانەوەیان بۆ دەستەبەر بکات. یەکێکیان گەیشتەوە هەرێمی کوردستان و دوو هاوڵاتییەکەی تر کارەکانیان تەواو بووە و لە دەرفەتێکی نزیک ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، سوپاسی وەزارەتی دەرەوەی حکوومەت فیدڕاڵ و باڵیۆزخانەی عیراق لە مالیزیا و ستافەکەی دەکات، کە هاوکاربوون لە بەهاناوەچوونی ئەو سێ هاووڵاتییەی هەرێمی کوردستان.

 
Fly Erbil Advertisment