حەماس ڕێککەوتنی کاتی لەگەڵ ئیسرائیل ڕەتدەکاتەوە

خەلیل حەییە، سەرۆکی بزوتنەوەی حەماس لە غەززە ڕایگەیاند، ئامادەن لەگەڵ ئیسرائیل بۆ کۆتایهێنانی تەواوەتی بە شەڕ و ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان.
دەشڵێت: ڕێکدەکەوین، بەڵام ئێمە ڕێککەوتنی کاتی ڕەتدەکەینەوە.
ئەو سەرکردەیەی بزوتنەوەی حەماس ئاماژەی بەوەش داوە، دانوستان ڕەتناکانەوە و ئامادەن سەرجەم بارمتەکان ئازادبکەن، بەو مەرجەی سوپای ئیسرائیل بەتەواوەتی لە غەززە بکشێتەوە و کۆتایی بە جەنگ بهێنێت.
جەختی لەوەش کردوە؛ ئیدارەی ئیسرائیل دەیەوێت خەڵکی غەززە لە برسێتیدا بکوژێت.
ئیسرائیل مانگی ڕابردوو دوای شکستهێنانی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەززە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە غەززە دەستی پێکردەوە و ڕایگەیاند "تا ئەوکاتەی حەماس بە تەواوی لەناو دەچێت، بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکان."
لای خۆشیەوە بزووتنەوەی حەماس هەر پێشنیازێکی ڕەت کردووەتەوە کە داوا لە چەکداماڵینی بکات.