بکوژی ئەو کچەی تەرمەکەی فڕێدرابوو دەستگیر کرا
لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرا
K24- هەولێر:
رۆژی 25/7/2020 تەرمی ئافرەتێك لە سەر رێگای دەربەندیخان- شێخ تەویل دۆزرایەوە و هێزە ئەمنییەکانیش دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی ئاسایشی دەربەندیخان، لە لێکۆڵینەوەی سەرەتایی دەرکەوت، کە تاوانلێکراو ناوی(خ. ح. ر)لە دایکبووی (1996)ـهو دانیشتووی گەڕەکی (کەنە سوورە)ی شاری سلێمانیە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە 28/7/2020 توانرا تۆمەتباری سەرەکی دەستگیر بکرێت بەناوی (هـ. ق. ر) لە دایکبووی (1995) و دانیشتووی گەڕەکی (باوە شاسوار)ی قەزای کفری و لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانی ناوە بە تاوانی کوشتنی (خ. ح. ر)دا.
تۆمەتباری ناوبراو لە سەر بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی دەربەندیخان بە پێی ماددەی(406) ی یاسای سزادانی عێراقی ژماره 111ی ساڵی 1969 راگیراوە و لێکۆڵینەوەش لەو بارەیەوە بەردەوامە.
هەروەها، ئەو ئۆتۆمبیلەی کە تۆمەتبارەکە تاوانەکەی پێ ئەنجامداوە رۆژی 27/7/2020 لە لایەن هێزەکانی یاریدەدەرێتی ئاسایشی دەربەندیخان سەر بە بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان لەناوشاری کەلاردا دەستی بەسەردا گیراوە.