ژووری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی راپەڕین چەند بڕیارێکی دا
لەبارەی جەژن و رێکارەکان
K24- هەولێر:
ژووری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی راپەڕین بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، کۆبوونەوەیەكی تایبەتی سەبارەت بە رێكار و ئامادەكاریی رۆژانی جەژنی قوربان و میكانیزمی جێبەجێكردنی بەیانی ژمارە (44)ـی وەزارەتی ناوخۆ ساز كرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوێک، ئیدارەی راپەڕین جەخت لە جێبەجێکردنی بەیانی ژمارە 44ـی وەزارەتی ناوخۆ دەکاتەوە و داواش لە مامۆستایانی ئاینی دەکات، رێنمایی خەڵک بۆ خۆپارێزیی بکەن.
بڕیارەکانی ئیدارەی راپەڕین:
یەكەم/ سەرجەم بڕگە و خاڵەكانی بەیانی ژمارە ( 44 ) ی وەزارەتی ناوخۆ تایبەت بە داخستن و قەدەغەی كرانەوەی شوێن و محەلەكان جێبەجێبكرێن
دووەم/ داوا لە مامۆستایانی ئایینیی دەكەین هەروەك رابردوو ئیسپاتیان كرد كە هاوكارێكی بێدرێغی ئیداراتی ناوچەكەن لە جێبەجێ كردنی رێنمایی و بڕیارەكانی پەیوەست بە بەرژەوەندیی گشتی هاووڵاتیان و تەندروستی خەڵكەوە , بە هەمان گیانی دڵسۆزی و بەرپرسیارێتییەوە هاوكارمان بن لە رێنوێنی و هوشیاركردنەوەی هاووڵاتیان بۆ پابەندبوونیان بە رێكارەكانی خۆپارێزی و تەندروستییەوە لە رۆژانی جەژندا و خۆدوورگرتن لە هەموو چەشنەكۆڕ و كۆبوونەوەیەك كە ببێتە هۆی قەرەباڵغی و جەنجاڵیی و بەریەك كەوتنی ناپێویست وەك مەراسیمەكانی پرسە و سەرقەبران و نوێژی جەژن
سێیەم/ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی راپەرین ئەوپەڕی هەوڵ و تەقەلاكانی خۆیان چڕدەكەنەوە تا لە رۆژانی جەژن و پشوودا ئاوی خواردنەوە بۆ سەرجەم شاروشارۆچكەكان دابین بكەن و بۆ ئەمەش میكانیزمی گونجا و و كاری پێویست ئەنجام دەدەن .
چوارەم/ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی راپەرین و بەڕێوەبەرایەتی كارەبای راپەرین میكانیزمی گونجاو بۆ خەفارەتی رۆژانی جەژن و پشوو دادەنێن بۆ بەردەوامیی خزمەتگوزارییەكانیان .
پێنجەم/ بەڕێوەبەرایەتی شارەوانیەكان و كۆمپانیای پاككردنەوە بۆ پاك راگرتنی شار و شارۆچكەكان و پاككردنەوەی پاشماوەی ( قوربانی ) كاری خۆیان ئەنجام دەدەن .
شەشەم/ بەڕێوەبەرایەتییەكانی پۆلیس و ئاسایش و هاتوچۆ و سەرجەم دامودەزگا ئەمنییەكان خشتەی ئەرك و پلانی كاری رۆژانی جەژنیان بە تۆكمەیی جێبەجێ دەكەن .
حەوتەم/ بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی راپەرین تیمەكانی غەواص و دەربازكردن ساز و ئامادە دەكەن لە بەنداوی سەروچاوە و دەربەند .
هەشتەم/ داوا لە سەرجەم هاووڵاتیانی خۆشەویست دەكەین بۆ پاراستنی تەندروستی خۆیان و خزم و كەس و كار و ئازیزانیان بە هەموو شێوەیەك خۆیان لەسەردان و هاتوچۆ و هەرچەشنە بەریەك كەوتن و قەرەباڵغییەك بەدوور بگرن .
نۆیەم/ سەرجەم یەكە كارگێڕی و بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەكانی سنووری ئیدارەمان ئاگادار دەكەینەوە كە لە دوای پشووی جەژن ئەو لیژنەیەی لە بەیانی ژمارە ( 44 ) ی وەزارەتی ناوخۆدا ئاماژەی پێدراوە كارا دەكرێت بەمەبەستی چاودێریی رەوشی جێبەجێ كردنی رێنماییە تەندروستییەكان لە فەرمانگەكاندا و پێویستە ئامادەكاریی تەواو بكەن لەم بابەتەوە …
لەگەڵ هیوای سەلامەتی و جەژن و پشوویەكی خۆش بۆ هەموو لایەک.