سوودانی: وەڵامی هێرشە سایبیرییەکان دەدەینەوە
سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند: وەڵامی هێرشە سایبیرییەکان دەدەنە، ئەو لێدوانەی سوودانی لە کاتێکدایە، مەترسی هێرشێکی سایبیری لەسەر عێراق هەیە.
شەممە 19ـی نیسانی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، خولی 13ـی چالاکییەکانی پێشانگای ئاسایش و بەرگریی و پیشەسازیی سەربازیی و ئاسایشی سایبیری لە بەغدا کردەوە کە 155 کۆمپانیا لە 24 وڵات بەشدارییان تێیدا کردووە، 65 کۆمپانیاش لەو ژمارەیە عێراقین.
لە گوتارێکدا کە لەو پێشانگایە پێشکەشی کرد، سوودانی ئاماژەی بەوە کرد، پیشەسازییەکانی پەیوەست بە ئاسایش و بەرگریی، پێویستە لە پێشەوەی هەموو کارەکان بێت، گوتی: دەرفەتی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دراوە و دەروازەیان بۆ کراوەتەوە، چالاکی دزەکردن بە زانیارییەکان ئەنجام بدەن، بە پێویستی زانی سیستەمی زانیارییەکانی عێراق تۆکمەتر و پارێزراوتر بن، بۆ ئەوەش هەوڵی زۆر بدەن.
سوودانی ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە تیشک بخرێتە سەر بونیاتنانی توانای مرۆیی و تەکنەلۆژی و پرۆگرامسازیش بۆ ئەوەی لە ئاست مەترسی و هەڕەشەکاندا بن و گوتی: پێویستە پێش بیرکردنەوەی تیرۆریستی و تێکدەرانە بکەوین لە بواری ئاسایشی سایبیری لەپێش ئەواندا بین.
سەرۆک وەزیرانی عێراق گوتی: حکوومەت کار لەسەر بونیاتنان و دروستکردنی کادیری تایبەت بە ئاسایشی سایبیری دەکات و کاردەکەین بۆ دانانی پلان و نەخشەی وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە سایبیریانەی چاوەڕانکراون بکرێنە سەر عێراق.