پاپا: بیرم لای هاووڵاتییانی غەززەیە
پاپای ڤاتیكان لە گوتارێکدا لە بەردەم 35 هەزار کەس لە جەژنی هەستانەوە (قیامە) ڕایگەیاند، هیچ دینێک بەبێ قبووڵکردنی ڕای جیاواز و ئاشتی تێیدا بەرقەرار نابێت، هاوکات گوتیشی: غەززە بەهۆی ئەو شەڕە کارەساتبارەوە توشی قەیرانی مرۆیی بووە.
یەکشەممە 20ـی نیسانی 2025، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكان لە میانی پێشکەشکردنی گوتارێک، لە باڵکۆنی کڵێسای سەنت پیتەر لە ڤاتیکان لەباری ئاشتییەوە گوتی: بەبێ ئازادی هزری و ڕا دەربڕین و قبووڵکردنی جیاوازای لە هیچ دینێک ئاشتی بەرقەرار نابێت.
هاوکات پاپا، سەرۆکۆنەی هەوڵەکانی دژی جوولەکە دەکات و بارودۆخی غەززەش بە داخ و نیگەرانییەکی زۆرەوە پێناسە دەکات.
باسی لەوەش کرد، هزر و بیرم لای هاووڵاتییانی غەززەیە، بە تایبەت کۆمەڵگەی کریستانەکان، کە هاووڵاتییان بەهۆی ئەو شەڕە کارەساتبارە بەردەوام دەکوژرێن و ناوچەکەی توشی قەیرانی مرۆیی بووە.
پێشتر، میدیای فەرمی ڤاتیکان لەبارەی دۆخی تەندروستیی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان بڵاوی کردبووەوە، پاپای ڤاتیکان تەمەنی 88 ساڵە، لە 14ـی شوباتەوە هەردوو سییەکانی توشی هەوکردن بوو، بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەریی زیاتر، لە نەخۆشخانەی گێمێلی ڕۆما دەمێنێتەوە.
بەشێک لە میدیاکانی ڤاتیکانیش باسیان لەوە کرد، ئەگەر هەیە پاپا دەست لەکار بکێشێتەوە.