سەرۆك بارزانی بۆ یادی ئەنفالكردنی بارزانییەكان پەیامێك بڵاودەكاتەوە

"گەلی كوردستان دەیتوانی تۆڵە بكاتەوە، بەڵام دەستی بۆ تۆڵەسەندنەوە نەبرد"

K24 – ھەولێر

سەرۆك مەسعود بارزانی، بەبۆنەی یادی 37 ساڵەی ئەنفالكردنی بارزانییەكان، پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند "كەم رۆژ هەن یادی كارەسات و تاوان و زوڵمێك نەبێ كە دەرهەق گەلی كوردستان نەكرابێت. تاوانی وا گەورە و نامەردانە كە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بێوێنەن. گەلی كوردستان دەیتوانی تۆڵە بكاتەوە، بەڵام دەستی بۆ تۆڵەسەندنەوە نەبرد و ڕێگەی بەخشین و كردنەوەی لاپەڕەی تازەی گرتەبەر".

لە پەیامەكەی سەرۆك بارزانی ھاتووە: "ئەمڕۆ لە كاتێكدا جەژنی پیرۆزی قوربان دەكەینەوە كە هاوكات 37 ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالكردنی هەشت هەزار بارزانیدا تێدەپەڕێت. لەو یادە تاڵەدا خۆشیی جەژن و حوزنی نەبوونی ئازیزانمان ئاوێتەی یەكترن و قەسیدەیەكی (ئەلموتەنەبی)ـی شاعیر چەندە گونجاوە بۆ ئەمڕۆ كە دەڵێ: "بە چی حاڵێك هاتیەوە ئەی جەژن، وەكو جارانی یان هەواڵێكی نوێت پێیە...". ئەمە حاڵی هەموو ڕۆژ و هەموو سات و هەموو جەژنی ئەو ئافرەتە بارزانیانە و هەموو کەسوکاری ئەنفالە كە ستەمیان لێ كرا و دەیان ساڵ لە چاوەڕوانی ئازیزانیان بوون كە بە زوڵم بردران و ئەنفال كران. بەڵام هەر ئەو ژنە قارەمانانە بە سەربەرزی و عیزەتی نەفسەوە بەرگەی خەمی لەدەستدانی ئازیزانیان گرت و بەرەو لووتكەی بەهاكان هەڵكشان".

دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی:..

بە ناوی خودای مەزن و دلۆڤان

ئەمڕۆ لە كاتێكدا جەژنی پیرۆزی قوربان دەكەینەوە كە هاوكات سی و حەفت ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالكردنی هەشت هەزار بارزانیدا تێدەپەڕێت. لەو یادە تاڵەدا خۆشیی جەژن و حوزنی نەبوونی ئازیزانمان ئاوێتەی یەكترن و قەسیدەیەكی (ئەلموتەنەبی)ـی شاعیر چەندە گونجاوە بۆ ئەمڕۆ كە دەڵێ: "بە چی حاڵێك هاتیەوە ئەی جەژن، وەكو جارانی یان هەواڵێكی نوێت پێیە...". ئەمە حاڵی هەموو ڕۆژ و هەموو سات و هەموو جەژنی ئەو ئافرەتە بارزانیانە و هەموو کەسوکاری ئەنفالە كە ستەمیان لێ كرا و دەیان ساڵ لە چاوەڕوانی ئازیزانیان بوون كە بە زوڵم بردران و ئەنفال كران. بەڵام هەر ئەو ژنە قارەمانانە بە سەربەرزی و عیزەتی نەفسەوە بەرگەی خەمی لەدەستدانی ئازیزانیان گرت و بەرەو لووتكەی بەهاكان هەڵكشان.

لە درێژایی ساڵدا كەم ڕۆژ هەن یادی كارەسات و تاوان و زوڵمێك نەبێ كە دەرهەق گەلی كوردستان نەكرابێت. تاوانی وا گەورە و نامەردانە كە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بێوێنەن. گەلی كوردستان دەیتوانی تۆڵە بكاتەوە، بەڵام دەستی بۆ تۆڵەسەندنەوە نەبرد و ڕێگەی بەخشین و كردنەوەی لاپەڕەی تازەی گرتەبەر. چونكە فەرهەنگی گەلی كوردستان جیایە لە فەرهەنگی نامەردان و شۆڤینیەت و داگیركاری.

لەو یادەدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی بارزانییە ئەنفالكراوەكان و هەموو شەهیدانی ئەنفال و شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كورد و كوردستان دەنێرین و باشترین وەفایش بۆ خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی میللەتەكەمان، یەكڕیزی و برایەتیی نێوانمان و، خۆشەویستیی نیشتیمانە.

مسعود بارزانی

31ـی 7ـی2020