وەرزی بەهار و مەترسیی خواردنی قارچکە ژەهراوییەکان
قارچک، ڕووەکێکی خۆڕسکی بەهارەیە و خواردنێکی بەتام و سوودە. بەڵام هەندێکیان ژەهراوین و لەوانەیە ببنە هۆی مردنی مرۆڤ.
بەهاران، لە کوێستانەکانی کوردستاندا قارچک بەزۆری دەڕوێت و هاووڵاتییان بە چەندان شێوەی جیاواز دەیخۆن. لەگەڵ ئەوەی ئەم ڕووەکە سوودی خۆراکیی زۆرە، لە هەمانکاتدا زۆر جۆری ژەهراوی هەیە کە خواردنیان دەبێتە هۆی ژاەهراوی بوون و هەندێک جاریش مردن.
ناسینەوەی جۆرەکانی قارچک، واتە خۆراکی و ژەهراوی، کارێکی هێندە ئاسان نییە؛ تەنها ئەو کەسانەی ئەزموونێکی زۆریان هەیە، یان ئەوانەی شارەزایی گیابەهارییەکانن، دەتوانن بیانناسنەوە.
بە شێوەیەکی گشتیی، ئەو قارچکانەی ڕەنگاوڕەنگن، بەتایبەتی ئەوانەی کڵاوەی سووری بە پنتی سپی داپۆشراویان هەیە، ژەهراوین. هەروا ئەو جۆرانەی لاسکێکی ڕەق و لاواز و کڵاوەیەکی تەنکیان هەیە، ژەهراوین.
جۆرێکی دیکەی قارچکی ژەهراوی، ئەوانەن کە شیلەیەکی لینج دەردەن.
شارەزایان دەڵێن، هەندێک کەس وادەزانن ئەگەر قارچکێک لەلایەن ئاژەڵێکەوە خورا، ئیدی ژەهراوی نییە. بەڵام ئەوە تێگەیشتنێکی هەڵەیە، چونکە زۆرێک لە ئاژەڵان بە خواردنی قارچکی ژەهراوی هیچیان لێ نایەت و ژەهرەکەی کاریان تێ ناکات.