بومەلەرزەیەکی بەهێز ناوەڕاستی ئیندۆنیزیای هەژاند

ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2026، بومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 6.7 پلە بەگویرەی پێوەری رێختەر، ناوچەی سولاويسي لە ناوەڕاستی ئیندۆنیزیای هەژاند. بەگوێرەی راپۆرتە سەرەتاییەکان، هیچ زیانێکی گیانی یان ماددی لێنەکەوتووەتەوە.

دەزگای رووپێوی جیۆلۆجی ئەمریکا رایگەیاند، بومەلەرزەکە کاتژمێر 10:27ی بەیانی بە کاتی ناوخۆی ئەو وڵاتە و لە قووڵاییەکی کەمدا لە باشووری رۆژهەڵاتی شاری پالۆ روویداوە. لای خۆشییەوە دەزگای کەشناسی ئیندۆنیزیا دڵنیایی دا، مەترسی دروستبوونی تسونامی لەئارادا نییە.

نورحەیدەر، دانیشتوویەکی تەمەن 42 ساڵی شاری پالۆیە، بۆ ئاژانسی فەرانس پرێس باسی لەو ساتە کرد و گوتی: "خەریکی خواردن دروستکردن بووم کە هەموو خانووەکە دەستی بە لەرزین کرد، سەقفەکە دەنگەدەنگی لێوە دەهات وەک ئەوەی بڕووخێت. هەرچەندە شڵەژابووین، بەڵام توانیم خێرا لەگەڵ منداڵەکانم بچمە دەرەوەی ماڵەکە."

وڵاتی ئیندۆنیزیا بەهۆی هەڵکەوتەی لەسەر پشتێنەی ئاگر لە زەریای هێمن، بەردەوام رووبەڕووی بومەلەرزە دەبێتەوە. لە ساڵی 2018دا، بومەلەرزەیەکی بەهێز و تسونامی لە هەمان ناوچە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 2200 کەس.