فاینانشاڵ تایمز: کۆمپانیاکانی کەشتیوانی بە وریاییەوە بۆ گەرووی هورمز دەگەڕێنەوە
سەرەڕای راگەیاندنی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، بەڕێوەبەری گەورەترین کۆمپانیای گواستنەوەی نەوت لە جیهان هۆشداری دەدات کە گەڕانەوەی کەشتییەکان کاتی دەوێت. ئاماژە بەوەش دەکات کە خاوەن کەشتییەکان پێویستیان بە کاتە تا دڵنیا ببنەوە لەوەی رێڕەوەکە بە تەواوی ئارام بووەتەوە.
جۆتارۆ تامورا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (Mitsui OSK Lines)ی ژاپۆنی کە گەورەترین کۆمپانیای گواستنەوەی نەوتە لە جیهاندا، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی "فاینانشناڵ تایمز" رایگەیاند؛ زۆربەی کۆمپانیاکان چاوەڕێ دەکەن و دەستبەجێ دەست بە گەشتەکانیان ناکەنەوە، تاوەکو دڵنیا نەبن رێککەوتنەکەی نێوان واشنتن و تاران لەسەر زەوی رەنگی داوەتەوە.
ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردووەتەوە کە رێڕەوی گەرووەکە "ئارام و پارێزراوە". گەرووی هورمز کە لە کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵەوە بە تەواوی داخرابوو، دوای رێککەوتنەکەی رۆژی یەکشەممە نرخی نەوتی برێنتی دابەزاند، بەڵام تامورا پێی وایە هاتوچۆی کەشتییەکان بەو خێراییە ئاسایی نابێتەوە.
بەڕێوەبەری ئەو کۆمپانیا زەبەلاحە دەڵێت: "تەنیا رێککەوتنی وڵاتان بەس نییە، دەبێت دۆخەکە لەناو گەرووەکە بە کردەیی بگۆڕێت، بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان هەست بە ئارامی بکەن و کەشتییەکانیان بنێرن". ناوبراو پێشبینی دەکات لانی کەم دوو هەفتە یان مانگێکی دیکەی بوێت تاوەکو جموجۆڵی کەشتییەکان ئاسایی دەبێتەوە.
پێش هەڵگیرسانی گرژییەکان، زیاتر لە 5/1ی نەوت و گازی سروشتی جیهان لەم گەرووەوە دەگوازرایەوە. ئێستاش نزیکەی 500 کەشتی لە ناوچەکەدا چاوەڕێن تا رێگەیان پێ بدرێت گەرووەکە ببڕن. لەم بارەیەوە "رێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتی" (IMO) خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە سەلامەتی رێڕەوەکە بۆ ئەوەی کەشتییەکان تووشی مەترسی مین یان رووداوی پێکدادان نەبن.
کۆمپانیای (MOL) کە زیاتر لە 900 کەشتی هەیە و 200یان کەشتیی نەوتهەڵگر و ماددە کیمیاییەکانن و یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکات. تامورا هەروەها دژایەتی خۆی بۆ داواکارییەکەی ئێران نیشان دا کە دەیەوێت "باج" لەو کەشتیانە وەربگرێت کە دەپەڕنەوە، چونکە بە وتەی ئەو، ئەمە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانی ئازادیی هاتوچۆی دەریاییە.
ئەم لێدوانانەی بەڕێوەبەری گەورەترین کۆمپانیای کەشتیوانی جیهان ئەوە دەسەلمێنن کە پرۆسەی ئاساییبوونەوەی بازرگانیی نەوت لە رێگەی گەرووی هورمزەوە، هێشتا پێویستی بە کات و گەرەنتی ئەمنیی زیاتر هەیە.