وردەکاریی بەڕێوەچوونی ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان
بە دەستپێشخەریی سەرۆک بارزانی یەکەمین ڕێوڕەسمی ڕۆژی نزای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت.
بە دەستپێشخەریی سەرۆک بارزانی، ڕابەری نیشتمانیی کوردستان، کە لە سایەیدا هەرێمی کوردستان بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ گشت پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان و نموونەیەکی گەشی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە جیهاندا؛ بۆ جاری یەکەم، لە ڕۆژانی 23 بۆ 25ـی ئەم مانگە، لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی نزای نیشتمانی (The National Prayer Breakfast) لە ژێر دروشمی (بەرەو یەکبوون لە باوەڕدا) بەڕێوە دەچێت.
- ڕۆژی نزای نیشتمانی چییە؟
ڕۆژی نزای نیشتمانی، ڕۆژێکە بۆ ڕێزگرتن و یادکردنەوەی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە و ئایینە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان. یەکەم ساڵە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت و دەبێتە نەریتێکی ساڵانە.
ساڵانە ئەم ڕێوڕەسمە ئاینییە لە وڵاتانی دیکەی جیهانیش دەکرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان جیاواز دەبێت، بەوپێیەی باوەڕدار و پەیڕەوانی هەموو ئاینییەکان تێیدا بەشدار دەبن، لە کاتێکدا لە وڵاتانی دیکە تەنها پەیڕەوانی یەک ئایین بەشدار دەبن.
- کێ لە ڕێوڕەسمەکەدا بەشدار دەبێت؟
زیاتر لە 400 کەس بەشداری لەو بۆنەیەدا دەکەن کە بریتین لە ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسی و ئایینی ئەمەریکایی، ئەندامانی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا، دیپلۆماتکار، بەرپرسانی وڵاتان و کەسایەتیی ئایینی، کولتووری و کۆمەڵایەتیی وڵاتان.
بەشێکی بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە:
1. سەرۆک بارزانی.
2. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
3. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
4. ژمارەیەک بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و ئەوروپا و جیهان.
22ـی مانگ: گەیشتنی میوانان
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، 22-04-2025، میوانی وڵاتان بۆ بەشداریی لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی نزای نیشتمانیی کوردستان، دەگەنە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.
23ـی مانگ: دەستپێکردنی ڕێوڕەسم، نزای بە کۆمەڵ و بەڕێوچوونی پانێل
بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، 23-04-2025، ڕێوڕەسمی ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان دەست پێ دەکات. لە ڕێوڕەسمەکەدا هەر یەکە لە سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و چەند کەسایەتیەکی دیکەی عێراقی و جیهانی گوتار پێشکەش دەکەن.
هەروەها کەسایەتییە ئایینییەکانی ئیسلام، کریستییان، ئێزدی و ئایینەکانی دیکە، هەمووان پێکەوە نزایەکی بە کۆمەڵ بۆ هەرێمی کوردستان دەکەن.
دواتر ژمارەیەک پانێل بە بەشداریی بەرپرس، سیاسەتمەدار و کەسایەتیی ئایینی و کۆمەڵایەتیی بەڕێوە دەچن. لە پانێلەکاندا باس لە پێکەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادیی ئایینی و کۆمەڵایەتیی لە هەرێمی کوردستان و جیهان دەکرێت.
24ـی مانگ: گەشتی ئایینی
لە ڕۆژی کۆتایی ڕێوڕەسمی ڕۆژی نزای نیشتمانی، میوان و پەیڕەوانی هەموو ئایینەکانی هەرێمی کوردستان پێکەوە سەردانی ژمارەیەک مزگەوت، کڵێسا و پەرستگا لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و دەشتی نەینەوا دەکەن.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، پێنج هەزار و 732 مزگەوت، 135 کڵێسا، 315 پەرستگە، یەک ئاتەشگە و یەک مەندی لە هەرێمی کوردستان هەن.
پەیوەندیی دێرینی کورد و نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان
لە دێرزەمانەوە نەتەوە و ئایینی جیاواز لە کوردستاندا هەن و ھاوتەریب لەگەل کۆمەڵگای کوردی، ئەوانیش لە بوارە جیاجیاکاندا لە گەشەسەندندا بوونە و تا بە ئەمڕۆ دەگات، بەوپەڕی ئازادی و بە سەربەستی و شکۆمەندانەوە ژیاون و کولتوور و ناسنامەیان وەک خۆی پارێزراوە و خاوەنی سەدان پەرستگای تایبەت بە ئایینی خۆیان و سەدان قوتابخانە و فێرگەی زانستین بە زمانی دایکیان.
پەیوەندی و دۆستایەتیی کورد و نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان پەیوەندییەکی قوڵی دیرۆکی و ھاوبەشی نیشتیمانی بووە، وێڕای جیاوازی لە ئایین و زمان و کولتوور، بەڵام ھەموویان لە ژێر سێبەری نیشتماندا برا و ھاوخەبات بوونە و لە کۆی بارودۆخە خۆش و ناخۆشەکاندا دەستبار و تەواوکەری یەکتر بوونە.