پاڵەوانێكی كورد خەریكە ئەورووپا شۆك دەكات
بە جەلاد و سزادەری نەیارەكانی ناسراوە
جیهاد ئەكیپا، پاڵەوانێكی كوردی باكووری كوردستانە و نیشتەجێی ئەورووپایە، لەسەر ستایلی حەبیب پاڵەوانەكەی رووسیا خەریكە دەبێتە ژمارەیەكی قورس لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام ئەو پاڵەوانە كوردە بەشێك لەو داهاتەی لە بەدەستهێنانی ناسناو و پاڵەوانێتییەكان دەستی دەكەوێت دەیبەخشێت و دەیخاتە پرۆژەی خێرخوازی، بۆ یەكەمجاریش سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ تیمەكەی بەشداریی لە چەندان كاری خێرخوازی كرد.
جیهاد ئەكیپای تەمەن 29 ساڵ، خەڵكی ماردینی باكووری كوردستانە، بەڵام لە ئەورووپا گەورەبووە و نیشتەجێی ئەڵمانیایە و لە تەمەنی 15 ساڵییەوە روویكردووەتە جیهانی بۆكسێن و پێشبڕكێی هونەرە جەنگییەكان.
جیهاد دەڵێت: لە تەمەنی منداڵی بەهۆی ئەو شەڕ و بەریەككەوتنەی لە قوتابخانە و گەڕەك و كۆڵانەكان بۆم دروست دەبوو وایكرد بۆ بەرگریكردن لە خۆم توانای خۆم لە هونەری بەرگریكردن و بۆكسێن و یارییە جەنگییەكان بەهێزتر بكەم.
جیهاد لە هەموو پێشبڕكێ و پاڵەوانێتییەكان كوردبوونی خۆی دووپات دەكاتەوە و ئاڵای كوردستان بەرز دەكاتەوە و یەكێكە لە ناسراوترین شەڕكەڕەكانی MMA كە گەورەترین رێكخراونی هونەرە جەنگییەكانن لەسەر ئاستی ئەورووپا و جیهان.
جیهاد خاوەنی ریكۆردی ئەورووپا لەسەر ئاستی MMA و لە كۆی 10 بەشداریكردن 8 پێشبڕكێی بردووەتەوە و بە یەكێك لە بەهێزترین ئەو پاڵاوانانە ناسراوە كە زۆر بەهێزەوە پەلاماری نەیارەكانی دەدات و خاوەنی خێراییەكی زۆر لە وەشاندنی مشتەكۆڵەكانی و ناسناوی (جەلاد و سزادەری نەیارەكانی) پێبەخشراوە.
جیهاد بۆ بەشداریكردن لە پرۆژەیەكی خێرخوازی لەگەڵ ژمارەیەك لە پاڵەوانە كوردەكانی هاوڕێی سەردانی كوردستانی كرد و كەلوپەل و پێداویستی بەسەر هەژاران و كەمپەكانی سنووری هەرێمی كوردستان دابەش كرد.
جیهاد هاوڕێی عەگید كابایێلە، كە هەردووكیان كوردن و نیشتەجێی ئەورووپان و سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد و وەكو تاكە میدیایش بەشدارییان لە چاوپێكەوتنێكی كوردستان24 كرد.