پۆلیسی سۆران مام عەزیز و نوورای هاوسەری دەستگیرکرد

هاوسەرگیریی نێوان ئافرەتێکی گەنج و پیاوێکی بەتەمەن کاردانەوەی لێ کەوتەوە و نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە سۆران ڕایگەیاند: هەردووکیان دەستگیر کراوان.

دووشەممە، 21ـی نیسانی 2025، شێروان خالید، بەرپرسی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە سۆران بە کوردستان24ـی گوت: ئەمڕۆ هاووڵاتییەک سەردانی کردووین و سکاڵای لەسەر پیاوێکی بەتەمەن تۆمار کرد به‌وپێیه‌ی هاوژینەکەی مارە کردووە بەبێ ئەوەی لە پیاوەکەی پێشووی جیا ببێتەوە، لەسەر بڕیاری دادوەر پیاو و هاوسەرەکەی ڕاگیران و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەته‌وه‌.

شێروان خالید، گوتیشی: لێدوانی هەردوو هاووڵاتییەکە وەرگیراوە و ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەن و بەگوێرەی لێدوانی سکاڵاکار، هاوسەرەکەی تەڵاق نەداوە، بەڵکوو چووەتە ماڵی باوکی و بەبێ پرس و ئاگاداری ڕاستەوخۆ هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی دیکەی کردووە.

باسی لەوەش کرد، ئەمە یەکەمین جارە حاڵەتی لەم شێوەیە ڕوو بدات، ئافرەتەکە لەگەڵ هاوسەری پێشووی لە دەرەوەی دادگاکانی هەرێمی کوردستان هاوسەرگیری کردووە، هیچ بەڵگەنامەیەکی هاوسەرگیریی دادگاکانی هەرێمی لە لا نییە.

لە ماوەی ڕابردوودا هاوسەرگیریی ئافرەتێکی گەنج و پیاوێکی بەتەمەن سۆشیال میدیایی تەنی، وا بڵاو بووەوە کە ئەو کچە لە پیاوەکەی جیا نەبووەتەوە و هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکی دیکەدا کردووە.

 

 
 
 
 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment