پێشبینی باران و خۆڵبارین دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتووی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، ئەگەری  تاوەبارانی کەم لە ناوچە سنوورییەکان و سنوورى پارێزگاى دهۆک هەیە.

بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت، کەشی ئەمڕۆ سێشەممە، 22-4-2025، ئاسمان نیمچە هەور بێت، لە ناوچە شاخاوییەکانیش هەندێ کات هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ ئەگەری تاوەباران لە ناوچە سنووریەکانی باکوور و ڕۆژئاوا بە تایبەت سنوورى پارێزگاى دهۆک. هەروەها پلەکانی گەرماش بەراوورد بە تۆمارەکراوەکانی دوێنێ کەمێک بەرز دەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، پێشبینی دەکرێت کەشی سبەينێ، چوارشەممە، 23-4-2025، ئاسمان نیمچە هەور بێت، پاش نیوەڕۆ لە ناوچە شاخاویەکاندا دەگۆرێت بۆ هەوری تەواو لەگەڵ کەمێک تاوەباران لەناوچە شاخاوییەکانی باکوور و باکوری ڕۆژاوا. هەروەها پلەکانی گەرما بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ کەمێک بەرزتر دەبێتەوە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:

هەولێر : 34 پلەی سیلیزی

سلێمانی : 32 پلەی سیلیزی

دهۆک : 30 پلەی سیلیزی 

کەرکوک : 38 پلەی سیلیزی 

زاخۆ : 27 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 32 پلەی سیلیزی

سۆران : 29 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران : 21 پلەی سیلیزی

گەرمیان :39 پلەی سیلیزی

لای خۆیەوە دەستەی کەشناسیی عێراق ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت ڕۆژانی داهاتوو باران و خۆڵبارین بێت و پلەکانی گەرماش نزم دەبنەوە.

دەستەی کەشناسیی عێراق ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت، کەشی سبەی چوارشەممە، 22-4-2025، نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ  بارانێکی کەم لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها پلەکانی گەرماش لەسەرتاسەری وڵات کەمێک بەرز دەبنەوە.

ڕوونیشکردەوە، کەش و هەوای ڕۆژی پێنجشەممە، لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ بارینی بارانێکی کەم لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، پلەکانی گەرماش کەمێک بەرز دەبنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "کەشوهەوای ڕۆژی هەینی بەشێکی هەور دەبێت لەگەڵ بارینی بارانێکی سووک و بەلێزمە لە ناوچە جیاوازەکانی ناوەڕاست و کوردستان، هەندێکجاریش ڕەشەبا و خۆڵبارین دەبێت لە هەمان ناوچە. هەروەها پلەکانی گەرما کەمێک دادەبەزن.