لە چێشتخانەیەکی واشنتن، جانتای وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا دزرا

جانتای وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا، لە یەکێک لە چێشتخانەکانی واشنتن دزراوە، جانتاکە، سێ هەزار دۆلار، کلیلی خانوو، کارتی بانک، پاسپۆرت و ژمارەیەک دۆکیومێنتی کەسیی تێدا بووە.

سێشەممە 22ـی نیسانی 2025  تریسیا مەکلاوفلین، یاریدەدەری سکرتێری کاروباری گشتیی وەزارەتی ناوخۆی ئەمەریکا، بە ئێن بی سی ئەمەریکی ڕاگەیاند "کریستی نۆم، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا لەگەڵ خێزانەکەی و منداڵ و نەوەکانی بەبۆنەی (جەژنی هەستانەوە) بۆ ئێوارەخوانێک چووبوونە ڕێستورانتێکی واشنتن و لەوێ جانتاکەی دزراوە.

هەروەها گوتیشی: ڕووداوەکە لە ژێر لێکۆلینەوەدایە، ئاشکرا نییە ئایە ئەو دزە بە مەبەست  جانتاکەی وەزیری ناوخۆی ئەمەریکای دزیوە یان تەنیا بە ڕێکەوت بووە.

بە گوێرەی میدیاکانی ئەمەریکا، جانتاکەی کریستی نۆم، سێ هەزار دۆلار، کلیلی خانوو، کارتی بانک، پاسپۆرت، مۆڵەتی شوفێری، کارتی ئەمنیی وەزارەتی ناوخۆ و دۆکیومێنتی کەسیی تێدا بووە.

کریستی نۆم، وەزیری ناوخۆی ئەمەریکا لەو بارەیەوە لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسی ئێن بی سی ڕاگەیاند، ناتوانم هیچ لێدوانێک لەو بارەیەوە بدەم، چونکە تاوەکوو ئێستا کێشەکە چارە نەکراوە.

هاوکات دوو شایەتحاڵی ڕووداوەکە، بە ئێن بی سی ئەمەریکییان ڕاگەیاندووە، ڕووداوەکە لە چێشتخانەی 'کەپیتاڵ بەرگربوو'، کەسێک بە دەمامکەوە هاتە ژوورەوە و چاودێریی وەزیری ناوخۆی ئەمەریکای دەکرد.

لە بارەی هەڵگرتنی ئەو بڕە پارە، ئەو بەپرسە ئەمەریکاییە ڕایگەیاند، وەزیری ناوخۆ ئەو بڕە پارەیەی بە مەبەستی کڕینی دیاری و نانخواردنی ئێوارە هەڵگرتبوو.

بە گوێرەی گرتە ڤیدیۆیەکانی کامێرای چاودێری، دزەکە لەسەر  مێزێکی  نزیک وەزیری ناوخۆ دانیشتبوو، دواتر کورسییەکەی زیاتر لە مێزەکەی وەزیری ناوخۆ نزیک کردەوە و بە پێیەکانی جانتای کریستی نۆیمی بۆ لای خۆی ڕاکێشا.

ئەو دوو شایەتحاڵە ئاماژەشیان دا ، دزەکە جانتاکەی هەڵگرتو و خستیە ژێر چاکەتەکەتی و چێشتخانەکەی بەجێ هێڵا.

هەروەها ئاماژەشییان دا، لە کاتی ڕووداوەکە جێشتخانەکە قەرەباڵغ نەبوو، تەنانەت دوو لە پاسەوانەکانی وەزیری ناوخۆش لە چێشتخانەکەدا بوونە.

 وەزیری ناوخۆی ئەمەریکا، لەوبارەیەوە گوتی: پاسەوانەکان ئاگاداری دزەکە بوون، بەڵام هێشتا قسەم لەگەڵ پاسەوانەکان نەکردووە.