دهۆک.. پرسە کرایە ڕۆژێک و بڵاوکردنەوەی وێنەی ڕێوڕەسمەکەش قەدەغە کرا

پرسەیەک لە هەرێمی کوردستان
پرسەیەک لە هەرێمی کوردستان

بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی دهۆک، ڕێوڕەسمی پرسە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکە، کرایە ڕۆژێک و بڵاوکردنەوەی وێنەی مردوو و ڕێوڕەسمەکەش بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە. 

بە گوێرەی فەرمانێکی کارگێڕیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی دهۆک، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی و کەمکردنەوەی بارگرانیی لەسەر ئەستۆی هاووڵاتییان، ڕێوڕەسمی پرسە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکە کرایە تەنها ڕۆژێک. 

لە فەرمانەکەدا بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی مردوو و ڕێوڕەسمی پرسە لە لایەن هەژمار و پەڕە (ئەکاونت و پەیج)ـی هۆزەکانەوە بە هەموو شێوەیەک قەدەغە کراوە. 

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی دهۆک، باسی لەوەش کردووە، بڕیارەکە دوای دانوستان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی مانگی ڕەمەزانی ڕابردوو و لەسەر داوای زۆرینەی هاووڵاتییانی پارێزگاکە، دەرکراوە. 

فەرمانەکە ڕۆژی 14-04-2025، دەرچووە، ئیمزای ناسح محەممەد عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی بە وەکالەتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی دهۆکی لەسەرە و لە ڕۆژی دەرچوونییەوە کاری پێ دەکرێت. 

 

دەقی بڕیارەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی دهۆک