کەسێک لە زێی دوکان خنکا
رووداوێکی خنکان تۆمار کرا
K24- دوکان:
کەمێک پێش ئێستا کەسێک لەزێی دوکان خنکا و تیمەکان سەرقاڵی دەرهێنانەوەی تەرمەکەین.
ڕێژین ڕەئوف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوکان بە کوردستان24ـی راگەیاند هاووڵاتیەک کە شۆفێری بەلەمە تاکیەکان ( جیسکی )بووە و لەکاتی لێخوڕینی لەزێی دوکان وەرگەڕاوە و نقوم بووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، خنکاوەکە گەنجێکی تەمەن 20 ساڵەو خەڵکی دوکانە و مەلەوانی باش نەزانیووە، بۆیە کاتێک بەلەمەکەی وەرگەڕاوە خنکاوە.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوکان وتیشی، ئاوی زێی دوکان خوڕ و تیژە، بۆیە تا ئێستا نەیانتوانیووە تەرمی خنکاوەکە دەربهێننەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری دوکان تەواوی خاوەن پڕۆژە گەشتیاری و بەلەمەوانەکانیان ئاگادار کردۆتەوە کە نابێ گەشتیاران لەزێی بچووک مەله بکەن و لەکاتی گەشتی ناو ئاو بە بەلەم دەبێ گەشتیاران چاکەتی مەلەوانی لەبەربکەن .
لەم ساڵدا ئەوە سێیەم حاڵەتی خنکانە لە زێی دووکاندا تۆمار دەکرێ کە دووانیان له سێ ڕۆژی ڕابردوو بووە.
H.J