هه‌رێمی كوردستان.. ئاژەڵەکان بۆ ماوەی 21 ڕۆژ کەرەنتینە دەکرێن

مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر
مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر

بە مەبەستی ڕێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان هەر ئاژەڵێک لە دەرەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان بکرێت سێ هەتا پێنج ڕۆژ کەرەنتینە دەکرێت.

سێشەممە، 22ـی نیسانی 2025، ڕابەر محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەریی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: هەموو ئەو ئاژەڵانەی لە دەروازە سنوورییەکانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن پێش ئەوەی بێنە خاکی هەرێمەوە بۆ ماوەی 21 ڕۆژ کەرەنتینە دەکرێن.

ڕابەر محەممەد، گوتیشی: دوای هاوردەکردنیان لە دەروازە سنوورییەکانەوە بۆ ماوەی سێ هەتا پێنج ڕۆژ کەرەنتینە دەکرێن، لە نزیک هەموو دەروازە سنوورییەکان شوێنی تایبەت بۆ سەرجەم ئاژەڵەکان بە گەورە و بچووک ئامادە کراوە و عەلەف و ئالیکیان پێ دەدرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەریی باسی لەوەش کرد، هەر ئاژەڵێک گومانی هەر نەخۆشییەکی لێ بکرێت چارەسەری بۆ دەکرێت ئەگەر پێویستیی کرد ڤاکسنیش دەکرێت و دواتر دەچێتە مەیدانی ئاژەڵان لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگای چەند کۆمپانیایەکەوە کە وەزارەتی کشتوکاڵ گرێبەستی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی تایبەت هەیە.

ڕابەر محەممەد، ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ ئاژەڵێک لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق هاوردەی هەرێمی کوردستان ناکرێت، بەڵکوو بە پێچەوانەوە لێرەوە هەناردەی خواروو و ناوەڕاستی عێراق دەکرێت.

یەکشەممە، 20ـی نیسانی 2025، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "لە هەرێمی کوردستان هیچ حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون نییە".

تای خوێنبەربوون، نەخۆشییەکە لە ڕێگەى ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، بە (پەتای کۆنگۆ)ـش ناسراوە، ڕێژه‌ی 40%ی تووشبووانی ئەم نەخۆشییە مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەبێت.

نەخۆشی تای خوێنبەربوون، لە ڕێگەی زیندەوەرێکی بچووکەوە، کە ناوی (گەنە)ـیە، لە ئاژەڵەوە هەڵدەگرێت و بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا نەخۆشییەکە لەسەر ئاژەڵ دەرناکەوێت، بەڵام کاریگەریی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دەكات.

تای خوێنبەربوون، بە چەند شێوازێك دەردەکەوێت، کە بریتین لە (ئیبۆلا، لاسا، دەنگوو، ماربۆرگ و یەڵۆ فیڤەر).

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment